Accessibility links

ئۆسڵۆ میوانداری کۆبوونەوەی ژمارەیەک لە بەرپرسانی هاوپەیمانان لەگەڵ تاڵیبان دەکات


وتەبێژی بزووتنەوەی تاڵیبان بە ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێسی ڕاگەیاند دەستپێکی وتوێژی فەرمی تاڵیبان لەگەڵ ڕۆژئاوا لە ئەوروپا لە وەتای دەسەڵاتی گرتۆتە دەست لە ئەفغانستان، هاریکار دەبێت لە گۆڕینی دۆخی شەڕ لە وڵاتەکەدا، پاش 20 ساڵ جەنگ لە دژی هێزەکانی هاوپەیمانی ناتۆ بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا.

زەبیحوڵا موجاهید ڕۆژی شەممە بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاند "ئەو دەوڵەتە ئیسلامیە هەنگاوی ناوە بۆ جێبەجێکردنی داواکانی جیهان و ڕۆژئاوا، بە هیواین لە ڕێگای دیپلۆماسیەوە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هەموو وڵاتان پتەو بکەین، بە تایبەت وڵاتانی ئەوروپا و ڕۆژئاوا.

وتووێژەکانی نێوان تاڵیبان و بەرپرسانی ڕۆژئاوا ڕۆژی یەکشەممە لە ئۆسلۆ بەڕێوەدەچێت لەسەر مافەکانی مرۆڤ و هاوکارییە مرۆییەکان، لە کاتێکدا قەیرانی هەژاری و برسیەتی لەو وڵاتە قوڵتر دەبێتەوە.

ئانکن هۆیتفێلدت وەزیری دەرەوەی نەرویج ڕۆژی هەینی گوتی: "ئەم کۆبوونەوانە نوێنەرایەتی ڕەوایی دان و دانپێدانان بە تاڵیبان ناکەن."

لە وەتای تاڵیبان دەسەڵاتی گرتۆتەوە دەست لە ئەفغانستان، دۆخی مرۆیی ئەو وڵاتە بە شێوەیەکی بەرچاو ئاڵۆز بووە، هاوکارییە نێودەوڵەتیەکانیش ڕاگیران، هەروەها ئەمەریکا 9.5 ملیار دۆلاری ئەفغانستانی لە دەرەوەی وڵات سڕکردووە.

برسێتی هەڕەشە لە 23 ملیۆن ئەفغانی دەکات، واتە لە ٪55ی دانیشتوانی ئەو وڵاتە، نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت لە ئەمساڵدا پێویستی بە 5 ملیار دۆلار هەیە بۆ ڕووبەڕووبونەوەی قەیرانی مرۆیی لەو وڵاتەدا.

وەزارەتی دەرەوەی نەرویج بڵاویکردەوە، کۆبوونەوەکان لە ڕۆژی یەکشەممەوە تا ڕۆژی سێشەممە لەگەڵ بەرپرسانی نەرویج و بەرپرسانی ژمارەیەک لە وڵاتانی هاوپەیمان ئەنجام دەدرێت، لەوانە بەریتانیا، یەکێتی ئەوروپا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتالیا و ئەمەریکا.

XS
SM
MD
LG