لە ئێستادا کە بەرپرسانی حکومەتی ئەمەریکا بۆ پاراستنی خەڵک لە دژی ڤایرۆسی کۆرۆنای جۆری ئۆمیکرۆندا، جەخت لە سەر بەکارهێنانی دەمامک دەکەنەوە، بەڕێوەبەرایەتی بایدن بڕیاری داوە لە هەفتەی داهاتووەوە دەست بکات بە دابەشکردنی 400 ملیۆن دەمامکی جۆری N95 بە خۆڕایی بەسەر ئەمەریکاییەکاندا.
کۆشکی سپی ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند دەمامکەکان لە عەمبارێکی ستراتیژی حکومەتەوە کە زیاتر لە 750 ملیۆن دەمامکی تێدایە، دابین کراون.
دەمامکەکان لە ڕێگەی دەرمانخانە و بنکە تەندروستیەکانەوە لە سەرتاسەری وڵات دەگەنە دەست خەڵک.
کۆشکی سپی ڕایگەیاند ئەوان ئەم هەفتەیە دەست دەکەن بە بارکردنی دەمامکەکان و دابەشکردنیان، لە کۆتایی هەفتەی داهاتووشدا بەردەست دەبن.
لە وەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ئەمە گەورەترین هەڵمەتی دابەشکردنی دەمامکە لەلایەن حکومەتی ئەمەریکاوە.
لە سەرەتای ساڵی 2020دا، بەڕێوەبەرایەتی پێشووی دانۆڵد ترامپ هەڵمەتێکی لەم شێوەیەی ڕەچاو کرد و پاشان پلانەکەی بۆ ناردنی دەمامک بۆ هەموو ئەمەریکاییەکان لە ماڵەکانیاندا هەڵوەشاندەوە.
دوای ئەوەی جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا لەم مانگەدا بە هۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی ئۆمیکرۆن و نەبوونی دەمامکەوە ڕووبەڕوی ڕەخنە بوویەوە، دەستی دایە ئەم هەڵمەتە بۆ رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسەکە.
هەروەها دوای رووبەرووبوونەوەی ڕەخنەی هاوشێوە لەسەر کەمی کیتەکانی تاقیکردنەوە بۆ کۆڤید- نۆزدە، بایدن ئەم هەفتەیە ماڵپەڕێکی بۆ ئەمریکاییەکان دابینکردوە بۆ ئەوەی لە ڕێگایەوە بتوانن داوای چوار تاقیکردنەوەی خێرا بکەن بۆ ئەوەی بە خۆڕایی بینێرنە ماڵەکانیانەوە و ئەم پلانەش بڕیارە لە کۆتایی ئەم مانگەدا دەست پێبکات.