Accessibility links

مایکرۆسۆفت: هێرشێکی مەترسیداری ئەلیکترۆنی کراوەتە سەر ئۆکرانیا


 بینای وەزارەتی دەرەوەی ئۆکرانیا لە کاتی بەفربارین لە کیڤی پایتەختی ئۆکرانیا
بینای وەزارەتی دەرەوەی ئۆکرانیا لە کاتی بەفربارین لە کیڤی پایتەختی ئۆکرانیا

کۆمپانیای مایکرۆسۆفتی ئەمریکی رۆژی یەکشەممە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند کە دەیان کۆمپیوتەری حکومەتی ئۆکرانیا بوونەتە ئامانجی هێرشێکی تێکدەرانە و بڕی ئەو زیانانەی بە ژێرخانی تەکنۆلۆژی وڵاتەکە گەیەندراون هێشتا دیار نین.

هێرشەکە لەکاتێکدا دێت هەڕەشەی داگیرکردنی ئۆکرانیا لە لایەن ڕوسیاوە لە ئارادایە لەکاتێکدا گفتوگۆکان بۆ چارەسەرکردنی گرژییەکانی نێوان هەردوو وڵات وادەردەکەوێت گەشتبنە بنبەست.

ئەم هێرشە هاوکاتە لەگەڵ هێرشێکی دیکەدا کە لە یەک کاتدا ٧٠ ماڵپەری حکومەتی ئۆکرانیای بەشێوەیەکی کاتی لەکارخست.

مایکرۆسۆفت لە بڵۆگێکدا لەسەر ماڵپەرەکەی نوسیوێتی کە سیستمە زیانلێکەوتووەکان لە "چەندین ڕێکخراوی حکومی و نا حکومی بێ قازانج، و تەکنەلۆجیای زانیاری ڕوویانداوە" گوتیشیان کە هێشتا نەزانراوە چەندین ڕێکخراوی تر لە ئۆکرانیا یان شوێنەکانی تر لەوانەیە ئەم زیانیان پێکەوتبێت، بەڵام پێشبینی دەکرێت کە بەم زووانە بۆیان دەربکەوێت.

مایکرۆسۆفت گوتی ڤایرۆسەکە بەجۆرێکە کە ئە کاتە چالاک دەبێت کاتێک یەکێک لە کۆمپیوتەرەکان یاخود ئامێرەکان دەکوژێنرێنەوە. ئەمەش ڕێگەیەکە زۆر جار دەگیرێتە بەر کاتێک ڤایرۆسێکی جۆری "رانسەموێر" (ransomware) بۆ هێرشکردن بەکاردەهێنرێت.

بەڵام مایکرۆسۆفت گوتی ئەم جۆرە ڤایرۆسە، کە خۆی وەکو رانسەموێر نیشانداوە، لە راستیدا ڤایرۆسێکی تێکدەرە کە کوژاندنەوەی کۆمپیتەرەکان دەبنە هۆی چالاک بوونی لە جیاتی لەکارخستنی.

ساڵی ٢٠١٧، ڕوسیا یەکێک لە مەترسیدارترین هێرشە ئەلیکترۆنییەکانی کردە سەر ئۆکرانیا بە ناوی ڤایرۆسی NotPetya و بڕی (١٠) ملیار دۆلار زیانی خستەوە. ڤایرۆسەکە، کە بەهەمان شێوە وەکو رانسەموێر خۆی نیشاندابوو، چەندین تۆڕی زانیاری وڵاتەکەی بەتەواوی سڕییەوە.

XS
SM
MD
LG