Accessibility links

سەرهەڵداوانی یەمەن داواکارییەکی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئازادکردنی کەشتییەکی ئیماراتی ڕەت دەکەنەوە


سەرهەڵداوە حوسییەکانی یەمەن ڕۆژی شەممە داواکارییەکی نەتەوە یەکگرتووەکانیان ڕەتکردەوە بۆ ئازاد کردنی کەشتییەکی کە ئاڵای ئیماراتی پێوەیە و لە سەرەتای ئەم مانگە دەستیان بەسەردا گرت و دەڵێن ئەو کەشتییە چەکی تێدابووە.

حوسەین ئەلغەزی کاربەدەستێکی حوسی ڕایگەیاند " کەشتی ڕوابی یاری منداڵانی تێدا نەبووە بەڵکو چەکی بۆ توندڕەوەکان تێدا بووە."

سەرهەڵداوە حوسییەکانی کە ئێران پشتیوانیان دەکات لە 3 ی مانگی 1 لە بەندەری حودەیدە دەستیان بەسەر ئەو کەشتییە و 11 کارمەندی نێو کەشتییەکەدا گرت و پاشان گرتەیەکی ڤیدیۆییان بڵاو کردەوە کە هەندێک کەرەستە نیشان دەدات و دەڵێن کەرەستەی لەشکرییە لە نێو کەشتییەکە.

میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب ( ئیمارات) کەستی ڕوابی بە کەشتییەکی بارهەڵگری سڤیلی وەسف کردووە.

ڕایشیگەیاند کە کەشتییەکە لەلایەن کۆمپانیایەکی سعودییەوە بەکرێگیراوە و لە ئاوی نێودەوڵەتیدا بووەو کەلوپەلی نەخۆشخانەی تێدا بووە.

لە ساڵی 2015 هاوپەیمانییەک بە ڕێبەرایەتی عەرەبستانی سعودیە دامەزرا بۆ پشتیوانی کردن لە حکومەتی یەمەن کە لە ئاستی نیودەوڵەتییەوە دانی پێدانراوە، پاش ئەوەی حوسییەکان ساڵێک پێش ئەوە دەستیان بەسەر سەنعای پایتەختی یەمەندا گرتبوو.

ڕۆژی هەینی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای دەستبەجێ ئازادکردنی کەشتی ڕوابی و کارمەندەکانی نێو کەشتییەکەی کرد. هەروەها جەختیشی کردەوە لە گرنگی ئازادی هاتوچۆی کەشتییەکان لە کەنداوی عەدەن و دەریای سوور، کە ڕێگەیەکی ئاوی ستراتیژی هەناردەی نێودەوڵەتییە.

هەروەها نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە هەمو لایەنەکانیش کرد هەوڵ بدەن گرژی و ئاڵۆزییەکان لە یەمەن کەمبکەنەوە و لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکاندا کار بکەن بۆ گەڕانەوە بۆسەر مێزی گفتوگۆکردن.

بەڵام کەناڵی تەلەفیزیۆنی ئەلمەسیرەی حوسییەکان لە زاری عەزییەوە نەتەوە یەکگرتووەکانی بەوە تۆمەتبار کرد کە پشتگیری دەکات لەگەڵ " ئەو بکوژانەی کە سەرپێچی دەکەن لە یاسا نێودەوڵەتییەکان."




XS
SM
MD
LG