Accessibility links

بۆ قوربانیان، دادگاییکردنی ئەشکەنجەدەرانی سوریا، هەنگاوی یەکەمە بەرەو دادپەروەری 


قوربانیانی ئەشکەنجە لە سوریا و چالاکوانانی مافی مرۆڤ دەڵێن هیواخوازن بڕیارەکانی داهاتووی دادگایەک لە ئەورووپا، هەنگاوی یەکەم بێت بۆ دادپەروەری بۆ ئەو خەڵکە زۆرەی سوریا کە لە رێگای بەشار ئەسەد و حکومەتەکەیەوە ئەشکەنجەدراون و چەوساونەتەوە.

بڕیارە ڕۆژی پێنجشەممە دادگایەک لە شاری کۆبڵێنزی ئەڵمانیا لە دادگایکردنێکدا، بڕیاری خۆی سەبارەت بە ئەنوەر ڕەسلان، ئەفسەری پێشووی پۆلیسی نهێنی سوریا ڕابگەیەنێت کە تۆمەتبارە بە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و بۆ چاودێریکردنی دەستدرێژیکردن بۆ سەر دەستگیرکراوەکان لە زیندانێکی نزیک دیمەشقدا.

یەکێک لەو کەسانەی کە لە دژی رەسلان شایەتی داوە، گوتی بڕیار و ئەنجامەکە دادگا هەرچییەک بێت، گرنگ ئەوەیە کە ئەم دادگاییکردنە، پەیامێکی گرنگ دەنێرێت و ئەویش ئەوەیە کە دەکرێت بەرپرسیارانی تاوانەکان لە سوریا دەستنیشان بکرێن و بخرێنە بەر لێکۆڵینەوە.

داواکارانی گشتی فیدڕاڵی ئاماژە بەوە دەکەن کە ڕەسلان، ئەفسەری پایەبەرزی زیندانەکە بووە و سەرپەرشتی ئەشکەنجەی سیستماتیک و دڕندانەی زیاتر لە 4000 زیندانیی کردوە لە نێوان مانگی 4ی ساڵی 2011 بۆ مانگی 9ی ساڵی 2012 کە لە ئەنجامدا 58 کەسیان گیانیان لەدەستداوە.

پاتریک کرۆکەر، پارێزەری سەنتەری ئەوروپا بۆ مافەکانی مرۆڤ و دەستوور، کە پارێزەری چەندین ڕزگاربووی دادگاییکردنەکەیە، گوتی، دادگا گوێبیستی ئەو بەڵگانە بووە کە ئاماژە بەوە دەکەن کە ڕەسلان لە 30 لەو گیان لەدەستدانانەدا دەستی هەبووە و گوتیشی حاڵەتەکانی توندوتیژی سێکسیش بە بەشێک لە تۆمەتەکان دادەنرێت.

بەشێکی سەرەکی بەڵگەکانی دژ بە ڕەسلان، وێنەی ئەو قوربانییانە بوون کە لەلایەن ئەفسەرێکی پێشووی پۆلیسەوە لە سوریا بە قاچاخ هێنراونەتە دەرەوە.

ڕەسلان ئەگەر تاوانبار بکرێت، لەوانەیە ڕووبەڕووی سزای زیندانی هەتاهەتایی ببێتەوە. پارێزەرەکانی هەفتەی ڕابردوو داوایان لە دادگا کرد کە ناوبراو بە بێتاوان بناسێت و بانگەشەی ئەوەیان کرد کە ئەو هەرگیز کەسی ئەشکەنجە نەداوە و لە کۆتاییەکانی ساڵی 2012دا هەموو پۆستەکانی خۆی بەجێهێشتوە.

لە سەرەتای شەڕی سوریاوە، نزیکەی 800 هەزار سوری پەنایان بۆ ئەڵمانیا هێناوە، لەوانە ڕەسلان و ئەلغاریب کە لە ساڵی 2019دا دەستگیرکران.

XS
SM
MD
LG