Accessibility links

لیژنەی نەزاهەی عێراق بڕیاری دەستگیرکردن و لێکۆڵینەوە بۆ نزیکەی 100 بەرپرس دەردەکات


بەغدادی پایتەختی عێڕاق
بەغدادی پایتەختی عێڕاق

لیژنەی دەستپاکی (نەزاهە) ی حکومەتی عێراق لە بەیاننامەیەکدا رۆژی چوارشەممە رایگەیاند کە لە مانگی دوانزەدا 98 فەرمانی دەستگیرکردن و لێپرسینەوەی 85 بەرپرسی پلەبەرز دەکردووە کە وەزیرێکی ئێستاشی تێدایە.

بەیاننامەکە ناوی وەزیرەکە یاخود هیچ یەک لە بەرپرسەکانی دیکەی بڵاو نەکردووەتەوە کە بریتین لە 21 بەڕێوبەری گشتی ئێستا، چوار وەزیری پێشوو، نۆ ئەندام پەرلەمانی پێشوو، و هەشت پارێزگاری پێشوو.

بڕیارەکە، وەکو بڕیارەکانی پێشوو تری دامەزراوەکە، پێناچێت بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و رەنگە زیاتر پەیوەندی بە هاوکێشە سیاسییەکانی وڵاتەکەوە هەبێت.

بڕیارەکە لەکاتێکدا دێت کە هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی عێراق چووەتە پێشەوە دوای ئەوەی بزووتنەوەی سەدر و سوننەکان و پارتی دیموکراتی کوردستان هاوپەیمانێتییەکانی بەست کە هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان و جێگرەکەی لێکەوتەوە.

21 فەرمان بڕیاری دەستگیرکردن و و 78 فەرمانەکەی دیکە بۆ ئەوەیە تا دەزگاکە لێکۆڵینەوە لەو بەرپرسانە دەستپێبکات.

لیژنەی نەزاهە ساڵی ٢٠٠٤ لەلایەن پۆڵ برێمەر، حوکمڕانی کاتی ئەمەریکا لە عێراق، بۆ لێکۆڵینەوە لە گەندەڵی دارایی لە عێراقدا دروستکرا. یەکەم سەرۆکی لیژنەکە دادوەرێکی عێراق بوو بەناوی رازی حەمزە رازی کە ساڵی٢٠٠٧ لە کۆنگرێسی ئەمەریکا قسەیکرد و سەرۆک وەزیرانی ئەو کات نوری مالیکی بەدەستێوەردان لە سەربەخۆیی دەزگاکە تۆمەتبارکرد.

XS
SM
MD
LG