وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرایكرد پێنج كەس لە پارێزگای دهۆك كە ئەندامی یەك خێزانن تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنای جۆری ئۆمیكرۆن بوون، بەڵام باری تەندروستیان جێگیرە و پێویستیان بە مانەوە لە نەخۆشخانە نەبووە.
لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا دكتۆر سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند " ئێمە گومان دەكەین حاڵەتی زیاتر لە ناو كۆمەڵگەدا هەبێت بەڵام ڕەنگە نیشانەکان دەرنەکەون، بۆیە تا ئێستا ڤاكسین تاكە ڕێگەی سەرەكیە بۆ كۆنتڕۆڵكردنی نەخۆشیەكە، گووتیشی" لە ئێستادا سەرچاوەی سەرەكی گەیشتنی ئەو ڤایرۆسە بۆ نێو كۆمەڵگەی ئێمە ئەو هاوڵاتیانەن كە لە دەرەوەی وڵات دەگەڕێنەوە بەڵام بەشێوەیەكی گشتی ئەم ڤایرۆسە گەیشتووەتە هەرێمی كوردستان و لە ناو كۆمەڵگەی ئێمەدا هەیە. لە كاتی بوونی گومانلێكراوان بەفەرمی ڕايدەگەیەنین."
بەپێی زانیاریەكان تا ئێستا هیچ حاڵەتێكی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنای گۆڕاو ئۆمیكرۆن لە هەولێر تۆمارنەكراوە، دكتۆر كاروان نانەكەلی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فریاكەوتنی ڕۆژئاوای هەولێر بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند" تا ئێستا لای ئێمە دەستنیشان نەكراوە و ڕەوشەكە زۆر باشە، ئۆمیكرۆن هەر كۆرۆنایە كەمێك خێراتر بڵاودەبێتەوە لەوانەیە خەڵكێكی زیاتر تووش بێت بەپێی داتاكانیش ئەوەی كە تا ئێستا تۆماركراوە گیانلەدەستدان كەمترە، واتا زیاتر بە سوكی و مامناوەندی خەڵک تووشی دەبێ."
سەبارەت بە ڤایرۆسی كۆرۆنا بە گشتی، بارۆدوخی خەڵك و نێو نەخۆشخانەكەی فریاكەوتنی ڕۆژئاوای هەولێر بەنموونە، لەوبارەیەوە كاروان نانەكەلی وتی" نەخۆشمان زۆر كەمبووەتەوە و ئێستا تەنها 17 نەخۆشمان هەیە، گیانلەدەستدانیش هەر زۆر كەمبووەتەوە نزیكەی دە ڕۆژ دەبێت حاڵەتی گیانلەدەستدان هەر تۆمار نەكراوە".
بەپێی ئامارێكی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان تا ئێستا لە هەرێمی كوردستاندا 7132 كەس بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە.