Accessibility links

سوپای پاسدارانی ئێران ڕوونکردنەوە لەسەر دەنگە بەهێزەکەی نزیک شاری کەرەج دەدات


ئاژانسی هەواڵی ئێرنای فەرمی ئێران ڕایدەگەیەنێت کە ئەو دەنگە بەهێزەی ڕۆژی چوارشەممە لە دەورووبەری شاری کەرەج لە ڕۆژئاوای تارانی پایتەختی ئێران بیستراوە، بەهۆی تەقینەوەی مووشەکێکەوە بووە لە کاتی ڕاهێنانێکی سەربازی سوپای پاسدارانی ئێران لەو ناوچەیە.

ڕاگەیاندنەکەی ئیرنا لە کاتێکدایە کە پێشتر جێگری پارێزگاری تاران، دەنگۆی تەقینەوەی موشەکی لە ڕۆژئاوای تاران ڕەتکردبۆوە.

کەرەج چەندین شوێنی هەستیاری لە خۆ گرتووە، وەک شوێنی دروستکردنی پارچەکانی سەنتریفیوژ کە لە مانگی 6ساڵی ڕابردوودا کەوتە بەر پالامارێک و هەندێ لە بەشەکانی خراپ کران. سەنتریفیوژەکان دەتوانرێت بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم بەکار بهێنرێت.

گوتەبێژی سوپای پاسداران بە ئاژانسی هەواڵی ئیرنای ڕاگەیاند "ئەو دەنگەبەرزەی کە پاش نیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە لە قەراغی شاری کەرەج بیستراوە بەهۆی تەقاندنی مووشەکێکەوە بووە لە کاتی ڕاهێنانێکدا لە یەکێک لە بنکەکانی سوپای پاسداران."

هەروەها گوتیشی کە دەنگەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بووەتە هۆی دروستبوونی هەواڵی ساختە و داوای لە خەڵکی ئێران کرد کە باوەڕ بەو هەواڵانە نەکەن کە بە گوتەی ئەو لە لایەن دوژمنانی کۆماری ئێسلامییەوە بڵاو دەبنەوە.

تاران لە ئێستادا لەگەڵ زلهێزانی جیهان لە ڤیەننا خەریکی دانوستانە بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ساڵی 2015 و لە دوانزەی ساڵی ڕابردووشدا، دەستی دایە ڕاهێنانێکی سەربازی وەک هۆشدارییەک بۆ ئیسرائیل.

ئیسرائیل لە مێژە هۆشداری ئەوەی داوە کە ئەگەر دیپلۆماسیەت نەتوانێت لە ڕێگای زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنە ناوکییەکەوە، ڕێگە لە پێشڕەوییە خێراکانی بەرنامە ناوەکییەکەی ئێران بگرێت، ئەوا لە ڕێگای سەربازییەوە هێرش دەکاتە سەر ئەو بنکانە. ئێرانیش دەڵێت بەرنامە ناوەکییەکانی بە مەبەستی کاری ئاشتی و مەدەنی بە کاردەهێنێت.

سەرچاوە: ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG