Accessibility links

تاڵیبان: ژنانی ئەفغانستان بەبێ پیاوێکی خزمی نزیکیان نابێت گەشتی دوور بکەن


دەسەڵاتدارانی تاڵیبانی ئەفغانستان ڕۆژی یەکشەممە ڕایانگەیاند ئەو ژنانەی کە دەیانەوێت گەشتی دوور بکەن نابێت ڕێگەیان پێبدرێت مەگەر پیاوێکی نزیکی خێزانەکەیان لەگەڵیاندا بڕوات.

ئەم ڕێوشوێنە لەلایەن وەزارەتی ڕێنوێنی ئەخلاقی و ڕێگەگرتن لە خراپەکاری، ڕاگەیەندراوە کە تیایدا داوا لە هەموو شوفێرەکان دەکات تەنها ئەو ژنانە هەڵبگرن کە حیجابی ئیسلامییان کردووە.

گوتەبێژی وەزارەتەکە سادق ئەکیف موهاجر ڕۆژی یەکشەممە بە ئاژانسی دەنگوباسی فەرەنسی ڕاگەیاند " ئەو ژنانەی کە گەشتێکی دوورتر لە 72 کیلۆمەتر بکەن نابێت ڕێگەی گەشتکردنیان پێبدرێت ئەگەر خزمێکی نزیکی پیاوی لەگەڵدا نەبێت."

ئەو ڕێنماییەی کە بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو بووەتەوە، چەند هەفتەیەک دوای ئەوە دێت کە وەزارەتەکە داوای لە کەناڵە تەلەفزیۆنییەکانی ئەفغانستان کرد چیتر ئەو ئەو فیلم و زنجیرە درامایانە بڵاو نەکەنەوە کە ئەکتەرە ژنەکانی تیادا نیشان دەدرێت.

وەزارەتەکە داوای لە ڕۆژنامەوانە ژنەکانیش کردووە حیجابی تەواو بکەن. هەروەها داوا لە شوفێرەکانیش کرداوە لە نێو ماشێنەکانیان چیتر گوێ لە گۆرانی نەگرن.

لێکدانەوەی تاڵیبان بۆ حیجان ڕوون نەکراوەتەوە، کە هەر لە سەرپۆشەوە هەتا پەچە دەگرێتەوە، و زۆربەی ژنانی ئەفغانستان سەرپۆشیان لەسەرە.

لەو کاتەوەی لە ناوەڕاستی مانگی هەشتدا تاڵیبان دەسڵاتی ئەفغانستانی گرتەوە دەست چەندین سنووری بۆ ژنان و کچانی وڵاتەکە داناوە، سەرەڕای ئەوەی بەڵێنی دابووڕێبازێکی نەرمتر بە بەراورد لەگەڵ دەسەڵاتەکەی لە ساڵانی 1990ەکاندا لەمەڕ ژنان بگرێتەبەر.

لە چەند پارێزگادا، دەسەڵاتدارانی ناوخۆی تاڵیبان قایلبوون بە کردنەوەی خوێندنگاکان، بەڵام هێشتا زۆر کچ لە خوێندنی ناوەندی بێبەشکراون.

لە سەرەتای ئەم مانگە، تاڵیبان فەرمانێکی بە ناوی ڕێبەری باڵایەوە دەرکرد کە تیایدا داوا لە حکومەت دەکات مافەکانی ژنان بەرجەستە بکات. لەو بڕیارەدا باس لە دەستڕاگەیشتنی کچان بۆ خوێندن نەکرابوو.

چالاکوانان هیوادارن خواستی تاڵیبان بۆ بەدەستهێنانی دانپیانانی جیهانی و وەرگرتنی هاوکاری بۆ یەکێک لە هەژارترین وڵاتەکانی جیهان ببێتە هۆی ئەوەی مافەکانی ژنان بپارێزن.

ڕێزگرتن لەمافەکانی ژنان بەبەردەوامی لەلایەن بەخشەرە سەرەکیەکانی جیهانەوە وەک مەرجێک بۆ گەڕاندنەوەی یارمەتیەکان باسکراوە.



XS
SM
MD
LG