Accessibility links

لە هێرشێکی حوسییەکانی یەمەن بۆ سەر باشووری سعودیە دوو کەس دەکوژرێن


ئاژانسەکانی هەواڵی حکومەتی سعودیە بڵاویان کردوە لە هێرشێکی یاخیبوانی یەمەن درەنگانێکی ڕۆژی هەینی بۆ سەر شاری جیزان لە سنووری باشوری سعودیە 2 کەس کوژران و 7 کەسی دیکەش برینداربوون.

ئاژانسی هەواڵی فەرمی سعودیە ڕایگەیاند، بەهۆی هەڵدانی موشەکێکەوە لە لایەن یاخیبوانی حوسی هاوڵاتیەکی سعودی و یەمەنیەک لە پارێزگاری جیزان لە باشوری ڕۆژهەڵاتی سعودیە کوژراون.

میدیاکانی سعودیە ڕایانگەیاند 6 لە بریندارەکان هاوڵاتی سعودین و ئەوی تریان بەنگلادیشیە. هەروەها پارچەکانی موشەکەکە بەر ئۆتۆمۆبێل و فرۆشگاکانی نزیک لەو ناوچەیە کەوتوون. هێرشەکەش لەودیو سنورەوە ئەنجامدراوە، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ هەڵکشانی جەنگی بەردەوامی ناوخۆی یەمەن.

هاوپەیمانیەتی سەربازی بە ڕابەرایەتی سعودیە لە ڕۆژی هەینی هێرشی ئاسمانی کردۆتە سەر سەنعای پایتەخت و بنکەیەکی سەربازی سوپای لە نزیک ناوەڕاستی شارەکە. میدیای سەر بە حوسیەکانیش بڵاویان کردەوە هێرشەکان گەڕەکێکی کردۆتە ئامانج کە هاوڵاتیان تێیدا دانیشتەجێن و زیانی بە ماڵەکان گەیاندوە.

وتەبێژی حوسیەکان لیوا یەحیا سەریع ڕۆژی شەممە وتی یاخیبوان 3موشەکی دورهاوێژیان بەرەو جیزان هەڵداوە، وەک باسی لێوە کرد ویستوویانە پێگەی هەستیاری لەو ناوچەیە بکەنە ئامانج. بەڵام زانیاری زیاتری لەو بارەیەوە نەدا.

جەنگی یەمەن لە ساڵی 2014 وە دەستی پێکرد دوای ئەوەی حوسیەکان کە ئێران پشتیوانیان دەکات دەستیان بەسەر سەنعای پایتەخت و بەشێکی زۆری باکوری وڵاتدا گرت.

دوای چەند مانگێک هاوپەیمانی بە ڕابەرایەتی سعودیە کە لە لایەن ئەمەریکاوە پشتیوانی دەکرێت، هەوڵیدا حوسیەکان لە پەیتاخت وەدەربنێت و حکومەتی یەمەن کە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دانی پێدانراوە بگەڕێنێتەوە. ئەم جەنگەش بوە هۆی دروستبوونی گەورەترین قەیرانی مرۆیی لە جیهاندا.

XS
SM
MD
LG