سوپای ئیسرائیل ڕۆژی یەکشەممە گوتی هێزەکانی چوار گومانلێکراوی فەلەستینیان دەستگیرکردووە کە لەو باوڕەدان دەستیان لە تەقەکردنی کوشندەی کەناری ڕۆژئاوای داگیرکراودا هەبووبێت.
لەڕووداوەکەی ڕۆژی پێنجشەممەدا، لانی کەم چەکدارێکی فەلەستینی تەقەی لەئۆتۆمبێلێک کرد کە پڕبوو لەخوێندکارانی جوولەکە لەتەنیشت بنکەی نیشتەجێکردنی کەناری ڕۆژئاوادا، ئەوەی بەهۆییەوە جوولەکەیەکی تەمەن 25 ساڵی تیا کوژرا و دوو کەسی دیکەش بریندار بوون.
سوپای ئیسرائیل گوتیشی گومانلێکراوەکان لەگوندی سەیلات الحاریتیای باکوری کەناری ڕۆژئاوای لەنزیک جنین دەستگیرکراون و "بۆ لێکۆڵینەوەی زیاتر گوازرانەوە بۆ هێزەکانی ئاسایش، و چەکی ئەو گومانلێکراوانە کە تەقەکەی پێکرابوو دەستی بەسەرداگیراوە".
دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل ناوی گومانلێکراوەکانیان ئاشکرانەکرد.
پۆلیسی سنووری ئیسرائیل وێنەی حەشارگەی چەك و تەقەمەنی بڵاو کردەوە کە دەوترێت هی گومانلێکراوەکان بووە.
نەفتالی بنێت سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دەستخۆشی لەهێزە ئەمنییەکان کرد بۆ دەستگیرکردنیان و ئەوەشی وت" پێویستە هەموو تیرۆریستێک بزانێت کە دەوڵەتی ئیسرائیل تۆڵەی خۆی دەکاتەوە".
جێی باسە ئەم پێشهاتەیە دوای چەند هەفتەیەک دێت لە توندوتیژی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین لە سەرەتای ئەم مانگەوە، کە هێرشبەرێکی فەلەستینی لە دەرەوەی شاری کۆنی ئۆرشەلیم قودس جوولەکەیەکی دایە بەر چەقۆ و بە سەختی برینداریکرد. وە تەنها لە ماوەی هەفتەیەک پێش ئەوە، چەکدارێکی حەماس لە شاری کۆنی ئۆررشەلیم قودس تەقەی لە پیاوێکی ئیسرائیلی کرد وکوشتی.
لە هەمان کاتدا توندوتیژی دژ بە فەلەستینییەکان زیادیکردووە، بەتایبەتی لە باکووری کەناری ڕۆژئاوادا.
ئیسرائیل ئۆرشەلیمی ڕۆژهەڵات و کەناری رۆژئاوای گرت لە شەڕی ساڵی 1967دا، و ئەو ناوچانەش ئێستا بنکەی زیاتر لە 700,000 نیشتەجێی ئیسرائیلین. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نیشتەجێیەکان بە نایاسایی دادەنێت.
فەڵەستینیەکان ڕۆژهەڵاتی ئۆرشەلیم قودس و کەناری ڕۆژئاوایان وەک بەشێک لە دەوڵەتێکی سەربەخۆی داهاتوویان دەوێت.