چالاکوانان دەڵێن، ئەمساڵ لە ئێران زیاتر لە دوازدە ژن لە سێدارە دراون و ئەمەش نیگەرانی لەمەڕ سیستەمی دادوەریی توند زیاد دەکات کە بە شێوەیەکی گشتی ئەو سزا گەورەیە بۆ کوشتن دەسەپێنێت بەبێ ڕەچاوکردنی ئەو بارودۆخەی کە تاوانەکەی تیادا ئەنجام دراوە.
چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤ دەڵێن زۆربەی ئەو ژنانەی کە لەم چەند ساڵەی دواییدا لە ئێران لەسێدارەدراون بەهۆی کوشتنەوە سزادراون کە زۆربەی حاڵەتەکان کوشتنی هاوژینەکەیان یان هاوبەشەکانیان بووە.
یاسای تۆڵەسەندنەوەی ئیسلامی ئێران کە بە قەساس ناسراوە بە شێوەیەکە، لەبری خوێن خوێندەدرێت مەگەر خێزانی قوربانییەکە لێی خۆش بن یان پارە لە بری خوێنەکە وەربگرن، وەک چالاکوانان دەڵێن ئەمەش وا دەکات هەندێک بارودۆخی وەکو توندوتیژی خێزانی ڕەچاو نەکرێت.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، ڕێکخراوێکی قازانج وەرنەگری بنکە لە ئۆسلۆ، لە نزیکەوە چاودێری سەپاندنی سزای مەرگ لە ئێراندا دەکات و دەڵێت یەکێک لەو ژنانەی کە بەم دواییانە لە ئێران لە سێدارە دراوە سوسن ڕەزایپوور بوو کە لە 27 ی مانگی دە بە تاوانی کوشتنی هاوسەرەکەی کە خاڵۆزاشی بووە لەسێدارە دراوە.
ڕێکخراوەکە دەڵێت شەش ساڵ لە زیندان مایەوە و لەسێدارە درا پاش ئەوەی کەسی یەکەمی قوربانییەکە کە خاڵی ئەوە ژنەش بوو ئامادە نەبوو لێی خۆشبێت.
سەرچاوەیەک بەو ڕێکخراوەی گوتووە ڕەزاییپوور لە دانپێدانانەکەیدا ڕایگەیاندووە هاوسەرەکەی هەر لە پاش نیوەڕۆوە سەرخۆش دەبوو و لێی دەدا بۆیە وەک گوتبووی " چیتر نەمتوانی بەرگەی بگرم."
مەحمود ئەمیری موقەدەم، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، کە چاودێری بەلایەنی کەم 15 لەسێدارەدانی لەم ساڵداو 170 ی لە ساڵی 2010 وە کردووە دەڵێت " لە پشتی ژمارەی ئەو ژنانەی کە لە سێدارەدەدرێن، ئێمە کۆمەڵێک کێشەی تری جێگای نیگەرانییەکی قوڵ دەبینین."
دەشڵێت " حاڵەتەکانی هەراسانکردن، بەشوودانی منداڵ، پێدانی ژن وەکو ڕێککەون لە نێوان خێڵەکان بۆ ئاشبوونەوە زۆرن."
ئەوەشی خستەڕوو کە قەساس لەگەڵ یاسا نێودەوڵەتییەکاندا ناگونجێت لە کاتێکدا " بەرپرسیارێتی سزادان دەخاتە ئەستۆی کەسوکاری قوربانییەکە" هەرچەندە دەسەڵاتی دادوەری بانگەشەی نێوەندگیری لەگەڵ خێزانەکان دەکات.
چالاکوانان دەڵێن، زۆربەی تۆمەتبارانی ئەم جۆرە حاڵەتانە لە پەراوێزخراوترین بەشەکانی کۆمەڵگای ئێراندان.
سەرچاوە/ AFP