Accessibility links

ئەمەریکا کۆتایی بە ئەرکەکانی شەڕ لە عێراق دەهێنێت


فەرماندە سەربازییەکانی عێراق و بەرپرسانی هاوپەیمانی بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا گوتیان هێزەکانی سەر بە ئەمەریکا ئەرکی شەڕیان لە عێراق تەواو کردووە، ئەم هەنگاوەش هەموو ئەو هێزانەی دەمێننەوە ئەرکەکانیان دەگۆڕێت بۆ مەشق و ڕاهێنان و ڕۆڵی ڕاوێژکاری.

ئەمەریکا و هاوپەیمانانی لە ئێستادا ئەرکی بەرپرسیارێتی و ڕابەرایەتی کردنی شەڕی دژ بە گروپی تیرۆرستی داعشیان لە عێراق ڕادەستی هێزەکانی ئاسایشی عێراقی کردەوە.

کاربەدەستانی عێراقی لە دەمێکی زووی ڕۆژی پێنجشەممەدا ڕایانگەیاند' مانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانانی لە عێراق تەنها بۆ دابینکردنی ئەو پشتیوانیانە دەبێت کە پێویست دەکات.

لەو بارەیەوە لیوا سعد مەعەن، سەرۆکی هێزەکانی ئاسایشی عێراقی و کاروباری میدیا بە پەیامنێرانی گوت"هاوکاری لە نێوان هێزەکانی عێراقی و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەسەر ئاستی ڕاوێژکاری و پشتیوانی بەردەوامی دەبێت".

لە ڕاگەیەندراوێکدا عەبدول ئەمیر ئەلشەمەری جێگری فەرماندەی فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق دەڵێت" ئێستا وادەیەکی گونجاوە بۆ کۆتاییهێنان بەم ئەرکەی هاوپەیمانان لە عێراقدا".

ئەلشەمەری گوتیشی سەربازانمان توانای خۆیان پیشانداوە بۆ درێژەدان بە شکستهێنان بە داعش و بە هیواوە دەڕوانینە ئایندە بۆ دابینکردنی سەقامگیری و ئاسایشی وڵاتەکەمان.

جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا و مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە مانگی حەوتدا ڕێکەوتنێکیان مۆرکرد بۆ ئەوەی بە فەرمی کۆتایی بە ئەرکە شەڕکەرەکانی ئەمەریکا لە عێراق بهێنن تا کۆتایی ساڵی 2021.

XS
SM
MD
LG