Accessibility links

ئەنجومەنی نوێنەران 768 ملیار دۆلار بۆ بودجەی بەرگری پەسەند دەکات


یاسادانەران لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا شەوی سێشەممە پرۆژە یاسایەکیان پەسەند کرد کە بڕی 768 ملیار دۆلار بۆ بودجەی ساڵی 2022 ی لەشکری وڵاتەکە دابین دەکات.

پرۆژە یاساکە بە 363 دەنگی ئەرێنی بەرامبەر 70 دەنگی نەرێنی پەسەندکرا پاش چەندین هەفتەی مشتومڕی نائاسایی لەسەر خەرجییەکانی ساڵانەی بەرگری بەهۆی چەند کێشەیەکەوە.

دەقی کۆتایی پرۆژە یاساکەی کە لە دانیشتنێکی داخراوی نێوان ڕێبەرانی هەردوولا لە ئەنجومەنی نوێنەران و سیناتی ئەمەریکادا داڕێژرابوو، بریتییە لە دامەزراندنی کۆمسیۆنێکی سەربەخۆ بۆ لێکۆڵینەوە کردن لە شەڕی 20 ساڵەی ئەمەریکا لە ئەفغانستان، دابینکردنی 300 ملیۆن دۆلار هاوکاری بۆ هێزی لەشکری ئۆکرانیا و بەیاننامەیەکی پشتگیری بۆ بەرگری لە خۆبەڕێوەبەری تایوان کە چین پەیمانی داوە بیلکێنێت بەخۆیەوە، تەنانەت ئەگەر بە زەبری هێزیش بێت. هەروەها ڕێگەدەگرێت وەزارەتی بەرگری هیچ شتێک بکڕێت کە لەلایەن موسوڵمانە ئیغۆرەکانی کە لە هەرێمی شینژینگی چین گیراون، بەرهەم بهێندرێت.

ئەم یاسایە داواکاری گشتی نوێی سەربەخۆی تایبەت بە قوربانیان پێکدەهێنێت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ تۆمەتەکانی دەستدرێژی سێکسی و تاوانە ڕژدەکانی تر و دەرکردنی ئەو دۆسێیانە لە ژێر دەسەڵاتی سەرکردە ئاساییەکانی لەشکری.

بەڵام چەند بڕگەیەکی تر بەر لەدەنگدانی کۆتایی لەپڕۆژە یاساکە دوورخرابوونەوە وانەش بریتین لە هەڵوەشاندنەوەی ئەو پێوانەیەی کە لەساڵی 2002دا دەرچوو کە هێزی سەربازی دەسەڵاتی شەڕی لە عێراق پێدرا و پێوانەی داواکردنی ژنان بۆ ناونوسکردن لەو سیستمەی کە لەکاتی شەڕدا بانگیان دەکەن، کە ئەمە لەلایەن کۆمارییەکانەوە زۆر دژایەتی دەکرا چونکە دژی ئەوەن ژنان بە زۆر بخرێنە نێو شەڕەکانی وڵاتەکەوە.

لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا هەموو پیاوێکی تەمەن 18 بۆ 25 ساڵان دەبێت بۆ خزمەتی سەربازی (Selective Service System ) خۆی ناونوس بکات تا لە کاتی پێویستی جەنگدا بانگ بکرێت. ئەو پیاوانە بە شێوەیەکی هەڕەمەکی و بە پێی ساڵی لە دایکبوونیان بانگ دەکرێن. بەڵام ئەوان پشکنینی تەواوی دەروونی، جەستەیی و ئەخلاقییان بۆ دەکرێت تا بخرێنە ناو هێزە لەشکرییەکانەوە. ئەگەر هەر پیاوێک لەو تەمەنەدا خۆی ناونوس نەکردبێت ئەوا لە هەندێک ویلایەتدا بێبەش دەبێت لە وەرگرتنی هاوکاری حکومەت بۆ خوێندن، یان بەدەستهێنانی کاری حکومی، تەنانەت لە هەندێک باردا ڕەنگە ڕووبەڕووی سزای دارایی یان زیندانیکردنیش ببێتەوە. ئەگەر ئەو پیاوە کۆچبەربێت ئەو مافی ئەوەی نابێت ببێت بە هاووڵاتی ئەمەریکایی.

تێچووی کۆتایی پرۆژە یاساکە 24 ملیار دۆلار زیاتر بوو لەوەی سەرۆک جۆو بایدن لە سەرەتادا پێشنیازی کردبوو. ئێستا ئەو پرۆژە یاسایە دەخرێتە بەردەم سینات و چاوەڕوان دەکرێت لەم هەفتەیەدا پەسەند بکرێت.

XS
SM
MD
LG