Accessibility links

ئەمەریکا 400 ملیۆن دۆلار وەگەڕدەخات بۆ گەیاندنی ڤاکسینەکان بە وڵاتە هەژارەکان 


لە دوای بڵاوبوونەوەی جۆری ئۆمیکرۆنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە چەندین وڵاتانی جیهاندا، حکومەتی ئەمەریکا وەگەڕخستنی 400 ملیۆن دۆلاری لە بەرنامەیەکی نوێدا ڕاگەیاند بۆ یارمەتیدانی وڵاتان تا کوتانی کۆرۆنا خێراتر بکەن.

ئاژانسی ئەمەریکا بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە بەرنامەی 'دەستگەیشتنی جیهانی بە ڤاکسین' دەبێتە هۆی بەهێزبوونی هەماهەنگییە نێودەوڵەتییەکان بۆ هاوکاری کردنی وڵاتان تا زاڵبن بەسەر بەربەستەکانی دەستڕاگەیشتن بە ڤاکسینەکان.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە بەرنامەکە سەرەتا لە وڵاتانی ئافریکاوەدەستپێدەکات.

ئاژانسەکە ڕایگەیاند سێ بەشی ئەو پارەیە بۆ کوتان لە ناوچە دوورەکاندا خەرج دەکرێت و یارمەتی وڵاتان دەدات بۆ دابینکردنی ڤاکسینەکان.

ئاژانسەکە ئەوەشی خستەڕوو کە باقی پارەکە بۆ یارمەتیدانی ئەو ناوچانەی کە تیایدا حاڵەتەکانی کۆرۆنا زیادیان کردووە بەکاردێت و هەروەها بۆ یارمەتیدانی وڵاتان بۆ بەرهەمهێنانی ڤاکسین لەناوخۆدا.

ئەم بڕە پارەیەش جگە لەو 1.3 ملیار دۆلارەیە کە پێشتر ئەمەریکا بەڵێنی دابوو.

بە پێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز، بەرنامەی 'دەستگەیشتن بە کوتانی جیهانی'لە کاتێکدا دەستپێدەکرێت کە بەرنامەی چەند ملیارد دولاری کۆڤاکسی نەتەوە یەکگرتوەکان نەیتوانیوە بگاتە ئامانجی خۆی و سەرکەوتو بێت.

بەرپرسانی بەڕێوبەرایەتی بایدن دەڵێن کە چەند وڵاتێکی ئافریکایی، بەتایبەتی ئافریکای باشوور، وەرگرتنی ڤاکسینەکان ڕەتدەکەنەوە.

نیویۆرک تایمز دەنوسێت کە زۆرێک لە شارەزایان پێیانوایە یەکێک لەو هۆکارانەی کە ئەو وڵاتانە ڕەتی دەکەنەوە ڤاکسینەکان وەربگرن، نەبوونی ژێرخانی بەردەستە بۆ دابەشکردنی بەشەکانی ڤاکسینەکە.

کوتانی بەربڵاوی جیهانی تاکە ڕێگایە بۆ چارەسەرکردنی کۆرۆنا و کۆتایی پێهێنانی ئەو پەتایە.

گۆڤاری نەیچەر دەلێت تەنها لەسەدا 6ی خەڵکی وڵاتانی کەم داهات یەک بەشی ڤاکسینیان وەرگرتووە.

شارەزایان دەڵێن ئەگەر وڵاتانی دەوڵەمەند بە خێرایی یارمەتی وڵاتانی کەم داهات نەدەن بۆ گەیاندنی ڤاکسینەکان، پێدەچێت کە پەتای کۆرۆنا کە دانرابوو تا ساڵی 2022 کۆتایی پێدێت، دەتوانێت تا ساڵی 2024 بەردەوام بێت.

XS
SM
MD
LG