Accessibility links

ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئیمارات لە ئێرانە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پەیوەندیەکان و کێشە هەرێمییەکان


ڕاوێژکاری باڵای ئاسایشی نەتەوەیی میرنشینە یەکگرتوەکانی عەرەب (ئیمارات) ڕۆژی دووشەممە لە سەردانێکی دەگمەندا بۆ ئێران چاوی بە هاوتا ئێرانییەکەی و ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە کەوت، بە مەبەستی زاڵبوون بەسەر ناکۆکییە درێژخایەنەکان و زیادکردنی هاوکارییەکان.

سەردانەکەی شێخ تەهنون بن زاید ئال نەهیان چەند ڕۆژێک دوای ئەوە هات کە تاران و زلهێزانی جیهان لە ڤیەننا کۆتاییان بە گفتوگۆکان هێنا، لە کاتێکدا بەرپرسانی ڕۆژئاوا نیگەرانی خۆیان دەربڕی سەبارەت بە داواکارییە فراوانەکانی ئێران بۆ زیندوکردنەوەی ڕێکەوتنی ناوکی ساڵی 2015، کە واشنتن سێ ساڵ لەمەوبەر لێی کشایەوە و دووبارە سزا قورسەکانی سەپاندەوە بەسەر تاراندا.

ئاژانسی هەواڵی نور نیوزی ئێران بڵاویکردەوە شێخ تەهنون، باسی لە فراوانکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و کێشە هەرێمییەکان لەگەڵ عەلی شەمخانی بەرپرسی باڵای ئاسایشی ئێران کرد.

بەگوێرەی تەلەفزیۆنی دەوڵەت، شەمخانی دەڵێت: "سەقامگیری و ئاسایش تەنها لە ڕێگەی دیالۆگی بەردەوام و هاوکاری نێوان وڵاتانی هەرێمەوە دەکرێت".

پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانی و وەبەرهێنانەکان یەکێکە لەگرنگترین کارە سەرەکییەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئێران".

شیکەرەوان دەڵێن تاران ناتوانێت دوبەی لە دەست بدات وەک ڕێگایەکی بازرگانی، بەتایبەتی کە سزاکانی ئەمەریکا بۆ سەر وڵاتەکەی بە شێوەیەکی بەرچاو هەناردەی نەوتی کەمکردۆتەوە و بازرگانی نێودەوڵەتی بە شێوەیەکی زۆر ئاڵۆز کردووە.

سەرچاوە: ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG