یەکێتی ئەوروپا ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند بڕی 325 ملیۆن یۆرۆی بۆ پەنابەرانی لە تورکیان دابینکردوە و ئەمەش بەشێکە لەپلانێکی گەورە بۆ دابینکردنی پارە وەک هاوکاری تورکیا کە زۆرترین ڕێژەی پەنابەرانی لە خۆگرتوە.
یەکێتی ئەوروپا لە مانگی شەشدا پلانێکی پەسەند کرد بۆ دابینکردنی سێ ملیار یۆرۆ بۆ تورکیا لە 2021 بۆ 2024 بۆ یارمەتیدانی ئەو وڵاتە کە ملیۆنان پەنابەری سوریایی تێدایە.
بڕی ئەو 325 ملیۆن یۆرۆیە دابینکراوە بۆ پەنابەران، یارمەتی زیاتر لە 1.5 ملیۆن پەنابەر دەدات بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانیان وەک خۆراک و کرێ و گواستنەوە و دەرمان.
یانتس لێنارچێچ، کۆمیسیاری بەڕێوەبردنی قەیرانەکانی یەکێتی ئەوروپا لە ئەنکەرە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی "ئەم پشتگیرییە چارەسەرییەکی پێویستە بۆ هەزاران خێزان کە زۆربەیان بە تایبەتی بە هۆی پەتای کۆرۆناوە زیانیانی زۆریان بەرکەوتووە."
گوتیشی "ئەم بڕە پارەیە، یارمەتی ئەوەیان دەدات کە بۆ خۆیان بڕیار بدەن پێویستان بە چییە بۆ ئەوەی بیکڕن و لەهەمان کاتیشدا ئەمە یارمەتیدەریشە بۆ ئابووری تورکیا."
توێژینەوەیەکی نوێ کە لەلایەن مانگی سووری تورکیا و فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی کۆمەڵەی خاچی سوور و مانگی سوورەوە ئەنجام دراوە، ئاشکرای کردووە لەوەتای پەتای کۆرۆنا بڵاوبووەتەوە، ئاستی قەرزەکان لە نێوان پەنابەران لە تورکیا زیاتر لە دوو هێندە زیادی کردووە و تەنیا کەمتر لە نیوەی خەڵکەکە ئەوەندەیان هەیە کە بتوانن تەنیا خوراکی پێ دابین بکەن.
پرۆسەی یارمەتی و پارەدان بە پەنابەران کە لە ساڵی 2016ەوە بە چاودێری تۆڕی ئاسایشی تورکیا دەستی پێکردوە، لە ئێستادا پشتگیری لە نزیکەی یەک لەسەر سێی ئەو ئاوارانە دەکات کە لە وڵاتی تورکیا نیشتەجێن.