Accessibility links

عێراق ئەو کۆچبەرانە دەگەڕێنێتەوە کە لە نێوان سنوری بێلاڕوس و پۆڵەندا گیریان خواردبوو


ڕۆژی پێنجشەممە زیاتر لە 400 عێراقی لە هەوڵی گەڕانەوەیاندا بۆ وڵاتەکەیان لە بێلاروسەوە، دەستبەرداری هیواکانیان بوون بۆ گەیشتن بە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا. دوا بە دوای زیاتر لە هەفتەیەک لە ئاڵۆزییەکانی سەر سنووری ڕۆژهەڵاتی یەکێتییەکە کە هێشتا سەدان کۆچبەری تێدا ماونەتەوە.

وا چاوەڕوان دەکرێت ئەو فڕۆکە عێراقییە ژمارەیەکی نادیاریکراوی هەڵگرتبێت و هەر ئەمڕۆ لە کاتی پاش نیوەڕۆدا مینسک بەجێبهێڵێت و دوو جار بوەستێت- یەکێک لە هەولێر و ئەوی دیکەیان لە بەغدای پایتەخت.

بە وتەی کونسوڵی عێراق لە ڕوسیا ماجید کەیلانی، لە کۆی گشتی 430 عێراقی کە داواکارییەکانیان بۆ گەڕانەوە تۆمارکرد بوو، زۆربەیان لە فڕۆکەخانەکەدا ئامادەبوون.

لە 8ی مانگی 11 دا کۆمەڵێکی زۆر لە کۆچبەران کە زۆربەیان خەڵکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوون لە بێلاروس لە دەروازەیەکی سنووری لەگەڵ پۆڵەندا گیریان خواردبوو. لە کاتێکدا سەربازانی ئەو دوو وڵاتە ڕووبەرووی یەکتر وەستابوونەوە.

زۆربەی زۆری ئەو کۆچبەرانە بەهۆی ناکۆکیەکانی وڵاتەکانی خۆیان یان نائومێدی لە نیشتیمان هەڵهاتوون و ئامانجیان ئەوەیە بگەنە ئەڵمانیا یان وڵاتانی دیکەی ئەوروپای ڕۆژئاوا.

وڵاتانی ڕۆژئاوا ئەلێکساندەر لوکاشینکۆ سەرۆکی بیلاڕوسیایان تۆمەتبارکردووە بەوەی کە کۆچبەرانی سەر سنورەکە هاندەدات بۆ ئەوەی بەکاریانبهینێت وەک فشارێک بۆ نانەوەی نائارامی یەکیتیەکەی ئەوروپا کە پێکهاتووە لە 27 وڵات. ئەمەش وەک تۆڵەسەندنەوەیەک بۆ ئەو سزایانەی کە دژی ڕژێمە دەسەڵاتخوازەکەی گیراونەتە بەر.

بیلاروس ئەوە رەتدەکاتەوە کە ئەو قەیرانە ئەوان سازیان کردبێت. هەر لە وەرزی هاوینەوە کۆچبەران روویان کردۆتە ئەو وڵاتە و دواتر هەوڵی ئەوەیان دا بڕۆن بەرەو پۆڵەندا، لیتوانیا و لاتڤیا.

بەپێی ڕاپۆرتەکان، نزیکەی 2000 کەس بەو سەرما و سۆڵەیە لەو سنوورەدا چادریان هەڵداوە و هەندێکیشیان منداڵیان پێیە. لە هەفتەی ڕابردوودا بە لایکەمەوە گیانلەدەستدانی 11 کۆچبەر ڕاگەیەنرا کە بەهۆی دابەزینی پلەی گەرماوە گیانیان لەدەستدا بوو. هاوکات پۆڵەنداش نەیدەویست ڕێگەیان پێبدات و بێلاروسیش نەیدەویست بیانگەڕێنێتەوە بۆ مینسکی پایتەخت یان لەو وڵاتە جێگیریان بکات.

دڕەنگانێکی ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە، دەسەڵاتدارانی بێلاروس پێشنیاریان کرد کە خەڵک بگوازنەوە بۆ ئەمبارێکی نزیک لەو شوێنە، لەوێ شوێنی حەوانەوەی گەرم و پێخەف و ئاو و ژەمێکی گەرمیان بۆ دابینکرا.

بەپێی زانیاریەکانی خاچی سوری بێلاروس، نزیکەی 1000 کۆچبەر لە ئەمبارەکەدا دەمێننەوە، لە کاتێکدا 800 کۆچبەری دیکە لە کامپە کاتیەکەی سەر سنورەکە ماونەتەوە. بەڵام ڕوون نییە کە ئایا کۆچبەرانی تر لە شوێنەکانی دیکەی بێلاروس بوونیان هەیە یان نا.

هاوکات پۆڵەنداش لەلایەن گروپەکانی مافەکانی مرۆڤ و ئەوانی دیکەوە ڕەخنەی لێگیراوە کە کۆچبەران دەگەڕێننەوە بۆ بێلاروس و ڕێگە نادەن داوای مافی پەنابەرێتی بکەن.

هەروەها سەرۆکی بێلاڕوس لوکاشینکۆ تۆمەتی سەرکۆنەکردنی دروستکردنی قەیرانەکەی ڕەتکردەوە و وتی حکومەتەکەی لە پاییزی ئەمساڵدا 5000 کۆچبەری نایاسایی لە بێلاروسەوە دیپۆرت کردۆتەوە.

XS
SM
MD
LG