Accessibility links

ژنێکی ئیتالی بە تۆمەتی پەیوەندی بە داعشەوە دەستگیر دەکرێت


ڕۆژی چوارشەممە پۆلیسی ئیتالیا ژنێکی 19 ساڵی دەستگیر کرد بە تۆمەتی ئەوەی سەر بە گروپی دەوڵەتی ئیسلامی داعشە، کە دەوترێت وتوێتی"ئامادەیە ببێتە شەهید" و پەیوەندی بە هێرشبەرەکەی ڤییەناوە هەبووە.

وەزارەتی ناوخۆ ڕایگەیاند؛ ئەو ژنەی کە تەنها بە سەرەتای پیتی ناوەکەی دەستنیشان کراوە واتە B. T ، هاوسەرگیری لەگەڵ کەسێکی خەڵکی کۆسۆڤۆ کردووە کە پەیوەندی هەبووە بەو چەکدارەوە کە ناوی Kujtim Fejzulai یە، کە ساڵی ڕابردوو لە پایتەختی نەمسا چوار کەسی کوشتووە بەر لەوەی لەلایەن پۆلیسەوە تەقەی لێ بکرێت و بکوژرێت.

بی تی، کە لە تەمەنی 16 ساڵیدا توندڕەو بووە، بەم دواییانە لە کۆسۆڤۆوە گواستویەتیەوە بۆ میلان، بەڵام بەردەوام لە پەیوەندیدا بووە لەگەڵ هاوسەرەکەی و پشتیوانکارانی داعش لە وڵاتەکەی خۆیدا لە کۆسۆڤۆ.

پۆلیس هەندێک بابەتی جیهادی لەناو تەلەفۆنەکەی دا دۆزیوەتەوە، لەگەڵ وێنەکانی ئەو هێرشبەرە ناسراوانەی داعش.

هەروەها زیاتر لە 2000 کورتە نامەیان لەسەر گروپگەلی چات و گفتوگۆی ئۆنلاین دەستنیشان کردووە کە پشتگیری مادی و ئایدیۆلۆژیی داعش دەکات و دەڵێن کە بی.تی نامەی گۆریوەتەوە لەگەڵ هاوسەرانی چەکدارانی داعش و هەندێک جار ئامۆژگاری ئەو چەکدارە نوێیانەی کردووە کە هاتونەتە ناو داعشەوە.

پۆلیس نامەیەکی بڵاوکردۆتەوە تیایدا دەڵێت: "دەبێت ئاهەنگی هاوسەرگیریتان بۆ بکەیەن بە چەکەکانی AK47 ؛ ئێمە پێویستە ئاهەنگ بگێرین و ئێمە لە راستیدا هیچ یەکێک لەو بی باوەڕانە بە جێناهێڵین با هەمویان نەمێنن و با خوێن لە هەموو شوینێک بڕێژرێت."

لە نامەیەکی دیکەدا ستایشی سەربڕینی مامۆستا فەڕەنسییەکە ساموێل باتی دەکات؛ کە لە مانگی دەی ساڵی پاردا کوژرا و نوسیوێتی: "وانەیەک بوو بۆ هەموو مامۆستاکانی تر ئەو شایستەی ئەوە بوو!"

پۆلیس تۆمارێکی دەنگی ئەو ژنەی بڵاوکردۆتەوەو تیایدا دەڵێت "ئەو دەیەوێت گوێی لەو ژنە بێت کە گۆڕانی دەڵێت بۆ پابەندبوونی بە رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی داعشەوە و ئامادە بێت ژیانی خۆی بکات بە قوربانی."

داواکاری گشتی لە میلان ئەلبێرتۆ نۆبڵی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند کە ئەو ژنە "ئامادەیە ببێتە شەهید" واتە پەیامی ئەم ژنە زۆر ترسناکە.

XS
SM
MD
LG