Accessibility links

کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەوانان داخستنی گاڤ نیوز لە دهۆک شەرمەزار دەکات


کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەوانان CPJ لە ڕاپۆرتێکیدا کە ڕۆژی سێشەممە بڵاوی کردووەتەوە دەڵێت هەڵکوتانە سەر و داخستنی ئۆفۆسی دهۆکی ماڵپەڕی گاڤ نیوز لەلایەن هێزە ئاسایشەوە شەرمەزار دەکات و داوای لە دەسەڵاتدارانی کورد کرد ڕێگا بە کارمەندەکان بدەن بگەڕێنەوە بۆ ئۆفیسەکەیان و دڵنیابنەوە کە ڕۆژنامەوانان ئازادن لە کارکردن بەبێ ترس لە تۆڵەسەندنەوە.

ئاسایشی دهۆک سەرلە بەیانی ڕۆژی 13ی مانگی 11 دایان بەسەر ئۆفیسی دهۆکی گاڤ نیوزدا و فەرمانیان بە کارمەندەکان کرد کە ئەوێ بەجێبهێڵن و کلیلی ئۆفیسەکەش ڕادەست بکەن.

وەک میدیا ناوخۆییەکان و دەزگاکانی داکۆکیکردن لە ڕۆژنامەوانان دەڵێن ئەو هێزە ئەمنییە بەبێ فەرمانی دادگا و هیچ بەڵگەنامەیەکی یاسایی، گاڤ نیوزی داخستووە.

هەر پاش داخستنی ئەو دەزگایە، پەیامنێری دەنگی ئەمەریکا لە دهۆک هەوڵیدا لەگەڵ کامەندان و بەڕێوەبەرانی ئۆفیسەکە بدوێت بەڵام کەسیان ئامادە نەبوون لێدوان بدەن چونکە هێزە ئەمنییەکان بەڵێننامەیان لێوەرگرتوون کە هیچ چالاکییەک وکاری ڕۆژنامەوانی ئەنجام نەدەن و هیچ لێدوانێک بۆ کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و گروپەکانی مافەکانی مرۆڤیش نەدەن.

نوێنەری کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەوانان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا ئیگناسیۆ میگێل دێلگادۆ لە ڕاگەیاندنەکەی CPJدا دەڵێت " ئەگەر دەسەڵاتدارانی کورد لە باکوری عێراق بەردەوامبن لە هێرشکردنە سەر دەزگاکان و داخستنیان، بەم زووانە ئازادی ڕاگەیاندن لە کوردستانی عێراق تەنها بە ناو دەمێنێت." هەروەها گوتیشی " داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین کەڕێگا بدات کارمەندانی گاڤ نیوز دەستبەجێ بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان و ئەوە مسۆگەر بکات کە ڕۆژنامەوانان ئازادن لە ڕاگەیاندن."

پەیامنێری دەنگی ئەمەریکا لە دهۆک هوڵیشی هۆکاری داخستنی ئەو دەزگایە لە ئاسایشەوە بزانێت، بەڵام ئامادە نەبوون لێدوان بدەن.

کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەوانان ڕۆژی چوارشەممە ڕاپۆرتەکەی خۆی نوێ کردەوەو بەشێکی بۆ زیاد کردووە کە دەڵێت لە نامەیەکی ئەلیکترۆنیدا پاش بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتەکە، ڕۆژی چوارشەممە دیندار زێباری لێپرسراوی ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێی ڕاگەیاندوون " حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ پەیوەندی بە داخستنی گاڤ نیوز لە دهۆک نییە." CPJ هەروەها نامەیەکی بۆ لاوک غەفور بەرپرسی ئۆفیسی پەیوەندییە دەرەوەییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش ناردووە، بەلام وەڵامی نەداوەتەوە.


XS
SM
MD
LG