Accessibility links

کاردارییەکانی ئەمەریکا هەتا 4 ی 1 یان بۆ دانراوە تا هەموو کارمەندەکانیان ڤاکسینی دژ بە کۆرۆنا وەربگرن


بەڕێوبەرایەتی سەرۆک جۆو بایدن ڕۆژی پێنجشەممە وادەی 4ی مانگی 1ی دیاری کرد بۆ جێبەجێکردنی یاسای توند بە مەبەستی فشارخستنە سەر دەیان ملیۆن کارکەری ئەمەریکایی بۆ وەرگرتنی ڤاکسینەکانی دژبە کۆڤید19.

ئەو بڕیارەی ئەو کارداریانە دەکاتە ئامانج کە زیاتر لە 100 کارمەندیان هەیە لەگەڵ کارمەندانی تەندروستی و گرێبەستەکانی فیدراڵیەکان، توندترین هەنگاوی واشنتنە دژ بە ڤایرۆسەکە و جۆری دەڵتای ڤایرۆسەکە بووەتە کۆسپ لەبەردەم بوژانەوەی ئابوری.

باین لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند " کوتانی دژ بە ڤایرۆسەکە باشترین ڕێگایە بۆ دەرچوون لەم پەتایە. وە لە کاتێکدا من زۆر دەمویست ئەم مەرجانە پێویست نەکات بەڵام زۆر کەس دژ بە ڤایرۆسەکە نەکوتراون تا لەم پەتایە بۆ هەمیشەیی ڕزگارمان بێت."

سەرۆک بایدن گوتیشی " من دوا لە خاوەن کارەکان دەکەم کارێک بکەن. کاردارییەکان دەسەڵاتیان لە هەموان زیاترە بۆ خێراکردنی هەنگاوەکانمان بەرەو دەرچوون لەم پەتایە، ڕزگارکردنی ژیانی خەڵکی و پاراستنی بووژانەوەی ئابوریمان."

بەپێی رێنماییەکان، کارکەران لە کەرەتە تایبەتەکان دەبێت تا 4ی مانگی یەکی 2022 بە تەواوەتی بکوترێن، یان لە شوێنی کارەکانیاندا بە بەردەوامی دەمامک بکەن و هەفتانەش پشکنین ئەنجام بدەن.

خاوەن کارەکان پێویستە کاتێک کارکەرەکان بۆ ڤاکسین وەرگرتن دەڕۆن کرێی کارەکەیان نەبڕن.

کۆشکی سپی ڕایگەیاند، بە پێی ئەم ڕێسا نوێیە پێویستە زۆربەی کارمەندانی تەندروستی ڤاکسینەکە وەربگرن لە کاتێکدا بۆ گرێبەستەکانی فیدراڵ دەکەوێتە سەر شوێنی کارەکەیان.

بە پێی بەڕێوەبەرایەتی بایدن ئەم ڕێنماییە نوێیە کار دەکاتە سەر دوو لەسەر سێی هێزی کاری وڵاتەکە، و دەچێتە پاڵ ڕێنماییەکانی تری هەندێک لە ویلایەتەکان بۆ کۆمپانیا گەورەکان .

بایدن لە مانگی 9دا باسی لەم بڕیارە کرد لە کاتێکدا نیگەرانییەکان لەسەر کەمبوونەوەی ڕێژەی وەرگرتنی ڤاکسین لە ئەمەریکا زیادی کرد.

کۆمارییەکان ئەم هەنگاوەیان بە زیادەڕەوی ناودێر کردووەو هەندێک لە گروپی کاردارییەکانیش هۆشدارییان داوە دژی دەوەستنەوە.






XS
SM
MD
LG