Accessibility links

 ئەمەریکا و ئەوروپا لەسەر بابەتی ئێران وتووێژ دەکەن


سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن پاش نیوەڕۆی ڕۆژی شەممە بە کاتی ڕۆما لە پەراوێزی کۆبونەوەی گروپی 20 لە ئیتالیا، لەگەڵ ڕێبەرانی ئەوروپا لەسەر بەرنامەی ناوکی ئێران گفتوگۆ دەکات. ئەمەش پاش ڕاگەیاندنەکەی سەرەتای ئەم هەفتەیەی تاران کە گوتی ئامادەیە بۆ دەستپێکردنەوەی وتووێژەکان بەر لە کۆتایی مانگی 11.

بایدن، سەرۆک وەزیری بەریتانیا بۆریس جۆنسن، سەرۆکی فەرەنسا ئیمانوێل ماکرۆن و ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئەنگێلا مێرکڵ هەوڵی بەدەستهێنانی ڕێککەوتنێک دەدەن بۆ دەستپێکردنەوەی وتووێژەکان بە مەبەستی زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنی ناوکی ساڵی 2015 نێوان زلهێزانی جیهان و ئێران.

سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لە ساڵی 2018 ئەمەریکای لەو ڕێککەوتنە کشاندەوە. بایدن ڕایگەیاندووە ئەمەریکا کاتێک دەگەڕێتەو بۆ ئەو ڕێککەوتنە کە تاران بە تەواوەتی وابەستەی مەرجەکانی ڕێککەوتنەکە بێت.

ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا جەیک سولەیڤان ڕۆژی پێنجشەممە کاتێک بەرەو ڕۆما دەڕۆشت بە پەیامنێرانی گوت وتووێژەکەی ڕۆژی شەممە " پێداچوونەوەیەک دەبێت بەسەر جیاوازییەکانی بەڕێوەبەرایەتی پێشو، لە کاتێکدا بابەتی ئێران یەکێکە لەو بابەتە سەرەکیانەی کە خاڵی جیاوازییەکانی نێوان بەڕێوەبەرایەتی پێشوو و ئەوروپییەکان بوو."

ڕۆژی هینی ڕۆژێک بەر لە دەستپێکردنی کۆبونەوەی گروپی 20 وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا سزای نوێی سەپاند بەسەر دوو ئەندامی باڵای سوپای پاسدارانی ئێران و دوو کۆمپانیای کە کاریان لەگەڵ دەکەن بەهۆی هاوکاری کردن لە بەرهەمهێنان و بڵاوکردنەوەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێران لە عێڕاق، لوبنان، یەمەن و ئیتیوپیا.

سەنام ڤەکیلی جێگری بەرپرسی بەرنامەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئافریکا لە نێوەندی چاتام هاوس دەڵێت بەم سزایانە بایدن ئاماژە بەوە دەکات کە ئیدارەکەی تا ئێستا توانای فشار خستنە سەر تارانی هەیە.

ئەو گوتیشی " بایدن بەردەوام دەبێت لە چاودێری کردنی ڕەفتارەکانی ئێران بۆ ناسەقامگیری ناوچەکە."

جێگری وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا واڵی ئەدیمۆ دەڵێت " بڵاوکردنەوەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەلایەن ئێرانەوە لە سەرانسەری هەرێمەکە هەڕەشەیە بۆ سەر ئاشتی و سەقامگیری نێونەتەوەیی. ئێران و گروپە چەکدارە بەکرێ گیراوەکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان لە هێرشەکانیان بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا، هاوبەشەکانمان و کەشتییە بارهەڵگرە نێودەوڵەتییەکان بەکارهێناوە." گوتیشیوەزارەتی خەزێنە بەردوەام دەبێت لە بەرپرسیار کردنی ئێران بۆ کارە نابەرپرسیار و توندوتیژەکانی لە ناوچەکەدا."

XS
SM
MD
LG