بڕیارە ئەمڕۆ هەینی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن لە ڤاتیکان چاوی بە پاپا فرانسس بکەوێت بەر لە دەستپێکردنی لوتکەی ڕۆما لەسەر ئابوری جیهانی و دواتریش کۆبونەوەی گلاسگۆ لەسەر گۆڕانکاری کەشوهەوا لە سکۆتلەند.
چاوەڕوان دەکرێت بایدن ڕووبەڕووی کێشەکانی جێندەر، سێکسی و بەرهەمهێنان ببێتەوە لە کاتێکدا چەندین ساڵە هەوڵ دەدات بیروڕای ئاینی کاتۆلیکی ڕۆمانی خۆی لەگەڵ ئەرکی بۆ بەڕێوەبەرایەتی حکومەتێکی سێکولاری کراوە بگونجێنێت.
کاربەدەستێکی حکومەت ڕایگەیاند سەرۆک بایدن و پاپا فرانسس پێشتر سێ جار چاویان بەیەک کەوتووە و چەندین جاریش نامەیان ئاڵوگۆڕ کردووە.
کۆبونەوەکەی پاپا بە ڕاستەوخۆ پەخش ناکرێت. ڕۆژی پێنجشەمە ڤاتیکان پلانی ڕاستەوخۆ پەخشکردنی ئەو کۆبونەوەیەی ڕەت کردەوە.
ئەمە تەنها کۆبونەوەیەک نییە لە نێوان دوو پیاوی بەهێزی کە ملیۆنان هەوادار و ڕەخنەگریان هەیە. ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی جەیک سولەیڤان ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند لە کۆبونەوەکەی، کە زیاتر تایبەتە، باس لە گرنگی کێشەکانی ڕێبازیش دەکرێت. کۆشکی سپی ڕایگەیاند خانمی یەکەم جیل بایدنیش لەو کۆبونەوەیە ئامادە دەێت و تیایدا باس لە پێکەوە کارکردن لەسەر هەوڵەکان بۆ ڕێزگرتن لە ماف و کەرامەتی بنچینەیی مرۆڤ دەکرێت، لە ناویاندا کۆتاییهێنان بە پەتای کۆڤید-19، بەرەنگاربوونەوەی قەیرانی کەشوهەوا و هاوکاریکردنی هەژارانیش.
ڕاوێژکاری ئاسایشی کۆشکی سپی گوتی هەر یەک لەوان باسی بۆچوونەکانی خۆیان لەسەر ڕووداوەکانی جیهان دەکەن . ئەوباسی لەوە نەکرد ئاخۆ ئەوان باس لە بابەتی منداڵ لەباربردن دەکەن یان نا، بەڵام لەم بابەتەدا ئەوان بە تەواوەتی بیروڕای جیاوازیان هەیە. کڵێسای کاتۆلیک بە ڕوونی دژی منداڵ لەباربردنە. بایدن کە دەڵێت وەکو خۆی لەگەڵ ئەو کارەدا نییە، وەکو سەرۆک هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ ڕێگری کردن لە هەوڵی ولایەتەکان و دادگاکان بۆ سنووردارکردنی دەستڕاگەیشتن بە منداڵ لەباربردن.