Accessibility links

زەنگێکی 285 کیلۆگرامی لە کڵێسایەکی شاری موسڵ دادەنرێت


کڵێسای مار توما لە موسڵ
کڵێسای مار توما لە موسڵ

ڕۆژی شەممە زەنگێک لە کڵێسایەکی شاری موسڵ دانرا بۆ دڵخۆشی کرستیانەکانی عێراق، حەوت ساڵ پاش ئەوەی داعش ئەو شارەی باکوری وڵاتەکەی داگیرکرد و تەواوی کڵێساکانی شارەکەی وێرانکراد.

پەیامنێرێکی ئاژانسی دەنگوباسی فەرەنسی لە موسڵەوە ڕایگەیاند دەیان خاوەن بڕوای ئاینی کرستیان لەبەردەم قەشە پیۆس ئافاس وەستابوون کاتێک بۆ یەکەم جار ئەو زەنگە نوێیە لە کڵێسای مارتومای کرستیانی سریانی شارەکە دامەزرا.

ئامادەبوان بە چەپڵەڕێزان پێشوازییان لەو هەنگاوە کرد بەر لەوەی دەستبە نزاکەیان کەن.

قەشە ئافاس بە ئاژانسی دەنگوباسی فەرەنسی ڕاگەیاند " پاش حەوت ساڵی بێدەنگی زەنگی مار توما بۆ یەکەم جار لە کەناری ڕاستی شاری موسڵ لێدرا."

جیهادییەکانی داعش لە ساڵی 2014 موسڵیان داگیرکرد و بە " پایتەختی" خۆیان ناودێریان کرد، بەرلەوەی پاش سێ ساڵ و شەڕێکی سەخت ئەو شارە لە ژێر دەستی داعش دەرهێندرا.

ئافاس گوتیشی گەڕانەوەی زەنگ بۆ کڵێسای موسڵ " هیوابەخشەو ڕێگە خۆش دەکات بۆ ئەوەی بە پشتیوانی یەزدان کرستیانەکان بگەڕێنەوە شارەکەیان."

ئەو گوتیشی " ئەمڕۆ ڕۆژێکی زۆر خۆشە و هیوادارم ئەم خۆشییە زیاتریش گەشە بکات لە کاتێکدا نەک تەنها کڵێسا و مزگەوتەکانی شارەکە نۆژەنگ بکرێنەوە بەڵکو تەواوی شارەکە بە ماڵەکان و شوێنەوارە مێژوویەکانیشەوە نوێ بکرێنەوە."

ئەو زەنگەی کە کێشەکەی 285 کیلۆگرامە لە لوبنان دروستکراوە و لەلایەن ڕێکخراوێکی قازانجوەرنەگری فەرەنسیی بۆ هاوکاری کەمینە ئاینییەکان بەخشراو بەو کۆمەڵگەی کرستییانەکانی عێراق.

کڵێسای مار توما کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی نۆزدەهەم، لەلایەن تیرۆرستانی داعشەوە وەک زیندان یان دادگا بەکارهێنرابوو.

XS
SM
MD
LG