Accessibility links

کاندیدە ژنەکانی هەڵبژارنەکانی عێراق کەمترن لە نیوەی ئەوانەی ساڵی 2018


ژنێکی عێراقی لە سەر سندوقەکانی دەنگدان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە بەغدا 12 ی مانگی پێنجی ساڵی 2018
ژنێکی عێراقی لە سەر سندوقەکانی دەنگدان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە بەغدا 12 ی مانگی پێنجی ساڵی 2018

بەپێی سەرچاوەیەکی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان ژمارەی ئەو ژنە کاندیدانەی کە لە هەڵبژاردنی مانگی دەی عێراقدا پێشبڕکێدەکەن کەمترن لەنیوەی هەڵبژاردنی ڕابردوو.

لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ساڵی 2018دا، 2 هەزار و 014 ژن لە کۆی 6982 کاندیددا کێبڕکێیان کرد، بەڵام ئەمساڵ ژمارەی ئەو ژنانەی بەشداری کێبڕکێکە دەکەن تەنها 963 ژنن لە کۆی 5 هەزار و 323 کاندیددا.

ئەمەش وای کردووە بەشداری ژنان لە %28.8 وە داببەزێت بۆ %18، تەنانەت لە کاتێکدا کە بە پێی دەستووری عێراق چارەکێکی 329 کورسییەکەی پەرلەمان بۆ ژن تەرخان کراوە.

هەڵبژاردنەکەی کە بڕیارە لە10 ی مانگی 10 ئەنجام بدرێت، یەکەم هەڵبژاردن دەبێت بە پێی یاسای نوێی هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت، کە شێوازی لیستە حزبییەکانی کەمکردۆتەوە و بەم شێوەیە کاریگەری حزبە گەورەکانی لاواز کردووە و دەرفەتی زیاتر دەدات بە سەربەخۆکان.

ژمارەی کاندیدەکانی لیستی هەموو حزبەکان کەمکراوەتەوە بەم شێوەیەش ژمارەی کاندیدە ژنەکانیش کەمتر کراونەتەوە.

گۆڕانکاری لە یاسای هەڵبژاردنەکاندا ساڵی ڕابردوو ئەنجام درا، دوای ناڕەزایی جەماوەری لە کۆتایی ساڵی 2019 و سەرەتای ساڵی 2020دا کە داوای چاککردنەوەی سیستمێکی سیاسی کرا کە بە شێوەیەکی بەرفراوان بە گەندەڵی و لایەنگریکردن بۆ حزبە دامەزراوەکان لێک دەدرایەوە.

ژمارەیەک لەو ژنانەی کە هەوڵ دەدەن بگەن بە پەرلەمان ڕەخنەیان لە ئاستەنگەکانه بەردەم کاندیدبوونیان گرتووە.

ئیناس ناجی ئەلمەکسوسی، کاندیدێکی سەربەخۆ لە پارێزگای واسیت لە ڕۆژهەڵاتی عێراق بە ئاژانسی دەنگوباسی فەرەنسی ڕاگەیاندووە، خۆی و ئەو ژنانەی دیکەش کە دەیانەوێت بچنە ناو سیاسەتەوە، "گوشاریان" لەسەر دەکرێت.

ئەو دەشڵێت " هەندێک لە ڕکابەرەکانی من، ڕێگرییان لێکردن لە چەند ناوچەیەکی دیاری کراوی شوێنی هەڵبژاردنم هەڵمەتەکان بەڕێوە ببەم."

سەرچاوە: ئاژانسی دەنگوباسی فەرەنسی


XS
SM
MD
LG