Accessibility links

فەرمانڕەوای نیویۆرک ئەندرۆ کۆمۆ دەستلەکارکێشانەوەی ڕادەگەیەنێت


فەرمانڕەوای نیویۆرک ئەندرۆ کۆمۆ ڕۆژی سێشەممە دەستلەکار کێشانەوەی خۆی ڕاگەیاند لەسەر ئەو دەنگۆیانەی 11 ژنی هەراسان کردووە.

کۆمۆ لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند " باشترین یارمەتی ئەوەیە لەم کاتەدا من واز لە پۆستەکەم بهێنم و ڕێگە بدەم حکومەت کارەکانی بەرێوە ببات، بۆیە ئەم کارە دەکەم."

ئەو فەرمانڕەوایەی کە سێ خۆلی فەرمانڕەوایەتی ئەنجام داوە گوتیشی دەستلەکارکێشانەوەکەی 14 ڕۆژ پاش ڕاگەیاندنەکەی دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. ئەمەش لە کاتێکدایە یاسادانەری ویلایەتەکەی دەستی بە هەڵمەتی لادانی لە پۆستەکەی کردووە بە تاوانبارکردنی (ئیمپیچکردنی).

وێڕای ڕاگەیاندنی دەستلەکار کێشانەوەکەی، کۆمۆ بەردەوام نکوڵی لەوە دەکات بە مەبەست بێڕێزی بە ژنان کردبێت و دەڵێت ئەم تۆمەتانە " هاندانی سیاسین" و هێرشن لە دژی ئەو.

کاتی هۆچولی تەمەن 62 ساڵانی ئەندامی پێشوی کۆنگرێس ودیموکرات جێگای کۆمۆ دەگرێتەوە. ئەو دەبێتە یەکەم ژنی کە وەکو فەرمانڕەوای نیویۆرک خزمەت بکات.

کاتی لە تویتێکدا ڕایگەیاند "هاوڕام لەگەڵ بڕیارەکەی دەستلەکارکێشانەوەی فەرمانڕەوا کۆمۆ. ئەمە کارێکی باشە دەیکات و زۆر لە بەرژەوەندی خەڵکی نیویۆرکدایە.

وەک کەسێک کە لە هەموو ئاستەکانی حکومەتدا خزمەتی کردووە و یەکەم لە ڕیزدا بۆ جێگرتنەوەی، من ئامادەم وەک 57هەمین پارێزگاری ویلایەتی نیویۆرک کار بکەم."

داواکاری گشتی نیویۆرک لاتیتیا جەیمس هەفتەی پێشوو ڕایگەیاند ئەوانەی کە کۆمۆیان تۆمەتبار کردووە کارمەندی ئێستا و پێشووی حکومەتی ویلایەتەکەن.

جەیمس گوتی لێکۆڵینەوەکە " ڕەوشێکی ترسناکی" ئاشکرا کردووە کە بەهۆی ڕەفتارەکانی کۆمۆوە دروست بووە کە بریتین لە ماچکردنی بە زۆر، دەست بۆ بردن، باوەشپیاکردن و تانەو تەشەری پەسەند نەکراو.

ئەو گوتیشی لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان دەرکەوتووە کە ئەو فەرمانڕەوا دیموکراتە تۆڵەی لە بەلایەنی کەم فەرمانبەرێکی پێشوو کردووەتەوە بەهۆی ئەوەی کە سکاڵای لەسەر کردارەکانی تۆمار کردبوو.

ئەو لێکۆڵینەوەیەی کە نزیکەی پێنج مانگی خایاندووە لەلایەن دوو پارێزەرەی دەرەوە کە جەیمس کاریپێداون ئەنجام دراوە. ئەوان لەگەڵ 179 کەس قسەیان کردووە لە ناویاندا ئەوانەی سکاڵایان تۆمارکردووە، فەرمانبەرانی ئێستاو پێشووی ئۆفیسی پارێزگار و کارمەندانی تری ویلایەتەکە.

جەیمس دەڵێت ئەو لێکۆڵینەوەیە بەهۆی ئەو " ژنە قارەمانانەی کە هاتنە پێشەوە" دەستی پێکرد.

XS
SM
MD
LG