Accessibility links

دوای یەک ساڵ لە تەقینەوەکەی بەیروت هێشتاش لێکۆڵینەوەکان بێ ئەنجامن


لەوەتای تەقینەوە گەورەکەی شاری بەیروتی وێران کرد، هێشتا لێکۆڵینەوە خۆجێیەکان نەبوونەتە مایەی دەستگیرکردن و تەنانەت کەسی بەرپرسیاریش لەو تەقینەوەیە دەستنیشان نەکراوە، هاوکاتی گوناهبارکردنێکی بەرفراوانی سیاسییەکانی وڵاتەکە بەوەی بوونەتە تەگەرە لەبەردەم لێکۆڵینەوەکاندا.

لەو تەقینەوەیەی ڕۆژی 4ی مانگی 8ی ساڵی 2020ی بەندەری بەیروت، زیاتر لە 200 کەس کوژران و ڕووبەرێکی زۆری شارەکەیشی وێران کرد.

بەهۆی ئەو تەقینەوەیەوە، شوێنی سەرەکی بارکردن و داگرتن لە بەندەرەکەدا خاپور بوو کە ئاگرە بەراییەکەی تیادا کەوتەوە. تەقینەوەکە هێندە گەورەبوو، تەنانەت لە شوێنێکی دوری وەک دوڕگەی قوبرسیش هەست بە تەقینەوەکە کرابوو.
کاربەدەستان دەڵێن ئاگر بەربووە ئەو 2750 تۆن نیتراتی ئەمۆنیۆم کە لە ساڵی 2014وە بە شێوەیەکی هەڕەمەکیانە عەمارکرابوو لە شوێنێکی بەندەرەکەدا، وەک دەڵێن ئاگرکەوتنەوەکە بۆتە هۆکاری تەقینەوەکە و بە یەکێکیش لە گەورەترین تەقینەوەکانی جیهان دادەنرێت، لەگەڵ ئەوەشدا کە تەقینەوەی ناوکیش نەبووە.

ڕێبەرانی سیاسی لوبنان، بەردەوام لێکۆڵینەوەی نێونەتەوەییان ڕەتکردۆتەوە، هەرچەندە فەڕەنسا لێکۆڵینەوەی خۆیی کرد بەهۆی گیان لە دەستدانی ژمارەیەک هاوڵاتی فەڕەنسایی لەو تەقینەوەیەدا.
لێکۆڵینەوە ناوخۆییەکانی لوبنان هێشتا ئەوەی نیشان نەداوە هۆکاری تەقینەوەکە چی بووە، سەرچاوەی ئەو مەتریاڵە کیمیاییە کوێ بووە و بۆچی 6 ساڵ بەبێ هیچ چاودێرییەک فەرامۆش کرابوو.

لە وڵاتێکی وەک لوبناندا کە کوژرانی کەسایەتییە باڵاکان و تەقینەوەکانی تریش تێدەپەڕێندرێن بە بێ سزادانی بەرپرسیاران لەو کوشتن و هێرشە بۆمبیانەدا، هەر بۆیەشە زۆرێک لە لوبنانییەکان نیگەرانییان هەیە لەوەی لێکۆڵینەوەکان لەسەر تەقینەوەکەی بەندەری بەیروت شکست دەهێنن و هیچ کەسێکیش بەرپرسیار ناکرێت.

کاربەدەستان لە حکومەت و پەرلەمان و دەزگا سەرەکییەکانی ئاسایش خۆیان لاداوە لەوەی پرسیار و وەڵامیان لەگەڵدا بکرێت بەهۆی ئەو پەناپارێزییەی بەپێی دەستوری وڵاتەکە هەیانە.

XS
SM
MD
LG