Accessibility links

تالیبان هێرش دەکاتە سەر بنکەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕۆژئاوای ئەفغانستان


نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت ڕۆژی هەینیهێرشێک کراوەتە سەر بنکەی سەرەکییان لە پایتەختی پارێزگای هیراتی ڕۆژئاوای ئەفغانستان و لە ئەنجامدا بەلایەنی کەم پاسەوانێکی ئەفغانی کوژراوە و پۆلیسێکی تریش بریندار بووە.

لە بەیاننامەکەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە " لە هێرشەکەدا ئەو دەروازانەی بارەگاکە کراوەتە ئامانج کە بە ڕوونی لێی نوسوراوە دامودەزگای نەتەوە یەکگرتووەکان و لایەنەکانی دژ بە حکومەت ئەم هێرشەیان کردووە."

دێبرا لیۆنس بەرپرسی ئەرکی هاوکاری نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئەفغانستان ئەو هێرشەی شەرمەزار کرد. لیۆنس کە نوێنەری تایبەتی سکترتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانیشە لە ئەفغانستان گوتی " ئێمە بە توندتریش شێوە ئیدانەی دەکەین. هاوسۆزی دەردەبڕین بۆ کەسوکاری ئەو ئەفسەرەی لە هێرشەکەدا کوژراوە و هیوای چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین."

لە ڕاگەیاندنەکەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا ئەوەش هاتووە کە ئەو جۆرە هێرشانە لە دژی کارمەند و دامەزراوەکانی " بە پێی یاسا نێودەوڵەتییەکان قەدەغە کراوە و رەنگە و ڕەنگە بچێتە خانەی تاوانی جەنگەوە."

تالیبان لەم بارەیەوە بەیاننامەیەکی دەرکرد و دەڵێت بنکەی UNAMA لە هیرات لە ژێر هەڕەشەدا نەبووە.

گوتەبێژی تالیبان زەبیحوڵا موجاهید لە تویتێکدا دەڵێت " شیانی ئەوە هەیە پاسەوانەکانی UNAMA بەهۆی نزیکەی ئەو نوسینگەیە لە شوێنی شەڕەکەوە زیانیان پێکەوتبێت، بەڵام لە ئێستادا هیچ هەڕەشەی لەسەر نییەو موجاهیدەکان گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە."

لە شەوی چوارشەممەوە تا ئێستا شەڕێکی چڕ لە دەوروبەری شارەکە بەردەوامە. بەرپرسانی ناوچەکە ڕۆژی پێنجشەممە ڕایانگەیاند کە ئەوان هێرشێکی تاڵیبانیان بۆ سەر هیراتو کۆهروخ کە ناوچەیەکی 35 کیلۆمەتری باکووری ڕۆژهەڵاتی هیراتە دوورخستووەتەوە. ئەمە یەکەم جارە لە ماوەی 20 ساڵەی شەری ئەفغانستاندا کە تالیبان چوونەتە نێو چەند بەشێکی هیراتەوە.

ئەکرەم خان سەرکردەیەکی هێزی ئەفغانی بە کەناڵی تۆلۆی دەنگوباسی ئەفغانی ڕاگەیاندووە " ئێمە تانک و کەرەستەی لەشکریمان هەیە و بەوپەڕی هێزەوە شەڕی دژ بە تالیبان دەکەین."

کەناڵی تۆلۆ لە زاری کاربەدەستێکی ئاسایشی ناوچەکەوە دەڵێت نزیکەی 40 چەکداری تالیبانیان کوشتووە.

هەرچەندە لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا تالیبان توانیویەتی بەشێکی زۆری کۆهروخ و قەزای گوزارە کۆنترۆڵ بکات کە هەردووکیان زۆر نزیکن لە فڕۆکەخانەی هیراتەوە.

گەشتە ئاسمانییەکانی هیرات بۆ ماوەی دوو ڕۆژە ڕاگیراون.

XS
SM
MD
LG