Accessibility links

بۆ یەکەم جار ژنانی عەرەبستانی سعودیە بەشدار دەبن لە پاراستنی حەج


لە مانگی چوارەوە هەتا ئێستا بۆ یەکەم جار دەیان سەربازی ژن بوونەتە بەشێک لەو هێزە ئەمنیانەی کە چاودێری حاجیانی مەککە و مەدینە دەکەن لە عەرەبستانی سعودیە.

مۆنا بە جلوبەرگی خاکی لەشکری کە چاکەتێکی درێژی بەسەردایە لەگەڵ پانتۆڵێکی فراوان و لەچکێکی ڕەش، یەکێکە لە یەکەم گروپی ژنە پاسەوانەکان لە مەڕاسیمی حەجی ئەمساڵدا ئەو لە مزگەوتی گەورەی مەککە نۆبەداری خۆی ئەنجام دەدات.

مۆنا کە ئامادە نەبووە پاش ناوی ئاشکرا بکات بە ئاژانسی دەنگوباسی ڕۆیتەرزی گوتووە " من بە شوێن ڕێبازی باوکە کۆچکردووەکەم کەوتووم بۆ تەواوکردنی ئەرکەکەی، لێرە ڕاوەستاوەم لە مزگەوتی گەورە لە مەککە کە پیرۆزترین شوێنە. خزمەتکردنی حاجییان شتێکی زۆر پیرۆزە و ئەرکێکی جێگای ڕێزە."

شازادەی جێنشینی سعودیە محەمەد بن سەلمان، لە ڕێگەی چاکسازی کۆمەڵایەتی و ئابورییەوە، فشاری بۆ ئەم گۆڕانکارییانە برد وەک بەشێک لە پلانەکان بۆ مۆدێرنکردنی ئەو شانشینە موسوڵمانە کۆنەپارێزە تا سەرنجی وەبەرهێنانی بیانیڕاکێشێت.

وەک بەشێک لە پلانەکەی، کە بە دیدگای 2030 ناسراوە، شازادەی جێنشین کۆتوبەندی لەسەر شوفێری کردنی ژنان لادا، ڕێگەی دا ژنان بتوانن بەبێ پیاوێکی خێزانەکەیان گەشت بکەن و دەرفتی دا ژنان دەسەڵاتی زیاتری کێشەی خێزانی بگرنە ئەستۆ.

بەڵام ئەم پلانی چاکسازییە هاوکات بوو لەگەڵ سەرکوتکردنەکانی جودابیران، لەناویاندا چالاکوانانی مافەکانی ژنان.

XS
SM
MD
LG