Accessibility links

جۆو بایدن: ئەرکی سەربازی ئەمەریکا لە ئەفغانستان لە 31 ی مانگی هەشت کۆتایی پێدێت


جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێت ئەرکی سەربازی ئەمەریکا لە ئەفغانستان لە 31 ی مانگی هەشت کۆتایی پێدێت و گوتی "خێرایی سەلامەتییە" لە کاتێکدا ئەمەریکا هەوڵ دەدات کۆتایی بە شەڕی نزیکەی 20 ساڵەی ئەمەریکا بهێنێت.

سەرۆک بایدن ڕۆژی پێنجشەممە پاش کۆبونەوەی خۆی و جێگری سەرۆک کامڵا هێرس لەگەڵ ڕێبەرانی ئاسایشی نیشتمانی لەسەر کشانەوەی ئەمەریکا لە ئەفغانستان، لە کۆشکی لێدوانێکی دا و تیایدا وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەوانایشی دایەوە.

سەرۆک بایدن گوتی " ئێمە نەچووینە ئەفغانستان بۆ دروستکردنی وڵات، پێویستە ڕێبەرانی ئەفغانی پێکەوە یەکبگرن و بەرەو داهاتوو هەنگاو بنێن."

هەروەها بایدن ڕەوایەتیدا بە بڕیارەکەی بۆ کشانەوەی لەشکری ئەمەریکا لە ئەفغانستان تەنانەت لە کاتێکدا کە تالیبان بە شێوەیەکی بەرچاو لەو وڵاتەدا پێشڕەوی دەکات. بایدن بەو کەسانەی کە داوا دەکەن ئەمەریکا ئۆپەراسیۆنی لەشکییەکانی فراوانبکات ڕاگەیاند " چەندێکی تر؟ چەند هەزار کچ و کوڕی زیاتری ئەمەریکایی دەتانەوێت بخەنە مەترسییەوە؟". سەرۆکی ئەمەریکا گویشی " من نەوەیەکی تری ئەمەریکایی نانێرم بۆ شەڕ بۆ ئەفغانستان، بەبێ ئەوەی چاوەڕوانییەکی گونجاو هەبێت بۆ بەدەستهێنانی دەرەنجامێکی جیاواز."

کاتێک پرسیاری لەسەر متمانە بە تالیبان لێکرا، بایدن گوتی متمانەی بە تالیبان نییە بەڵام بڕوای بە تواناییەکانی لەشکری ئەفغانستان هەیە بۆ بەرگریکردن لە حکومەتەکە ئەو گوتی " من بڕوام بە تواناکانی لەشکری ئەفغانستان هەیە، کە مەشقێکی باشتریان پێکراوە، چەکی باشتریان هەیە و لە ڕووی ئەنجامدانی شەڕەوە باشترن."

بایدن بەردەوام ڕووبەڕووی گوشارەکانی یاسادانەران دەبێتەوە بۆ ئەوەی وردەکاری زیاتربدات لەسەر چۆنییەتی خواستی بۆ هاوکاریکردنی هەزاران ئەفغانی کە لە شەڕی ئەفغانستاندا هاوکاری لەشکری ئەمەریکایان کردووە وەکو وەرگێڕ، شوفێر یان کارەکانی تر کە ئێستا ئەمەریکا دەکشێتەوە ئەوان دەبنە بە ئامانجی تالیبان.

کۆشکی سپی دەڵێت بەڕێوەبەرایەتییەکە دەزگاکانی ئەمەریکای لە دەرەوەی کیشوەری ئەمەریکا دیاری کردووە، هەروەها وڵاتانی سێهەمیش، کە دەشێت ئەو ئەفغانییانەی لێ بمێننەوە هەتا پرۆسەی ڤیزایان بۆ جێبەجێ دەکرێت. بایدن گوتیشی لەو کاتەوەی لە مانگی یەکەوە دەستبەکار بووە 2،500ئەفغانی ڤیزای تیابەتی کۆچبەرییان پێدراوە.

سەرۆک بایدن گوتی " پەیامی ئێمە بۆ ئەو ژن و پیاوانە ڕوونە، ئەگەر بتانەوێت ماڵ لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بۆ ئێوە ئامادەیە. ئێمە پشتگیریتان دەکەین هەر وەک چۆن ئێوە پشتگیری ئێمەتان کرد."

بڕیاری کشانەوەی ئەمەریکا لە ئەفغانستان لە پاش ڕێککەوتنێکی بەڕێوەبەرایەتی پێشووی دانۆڵد ترامپ لەگەل تالیبان درا. بە پێی ئەو ڕێککەوتنە تەواوی هێزە بیانییەکان لە ئەفغانستان دەبێت بکشێننەوە و لە بەرامبەردا تالیبان ڕێگە نادات جارێکی تر تیرۆرستان لە خاکی ئەفغانستانەوە هێرش بکەنە سەر ئەمەریکا یان بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا. دوا مۆڵەت بۆ کشانەوەکە 1 ی مانگی پێنج بوو، بەڵام پاش دەستبەکاربوونی سەرۆک جۆو بایدن و پێداچوونەوە بەسەر دۆسییەی ئەفغانستاندا دوا مۆڵەتی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا کرایە 11 ی مانگی 9.

20 ساڵ لەمەوبەر لە پاش هێرشەکانی 11 ی سپتەمبەری ساڵی 2001ی ئەلقاعیدە بۆ سەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، ئەمەریکا بە پشتیوانی هاوپەیمانە نزیکەکانی بە فەرمی شەڕی دژ بە تیرۆری ڕاگەیاند و بە مەبەستی لەناوبردنی ئەلقاعیدە و حەشارگەکانی شەڕی ئەمەریکا لە ئەفغانستان دەستیپێکرد بۆ لادانی تالیبان لەسەر دەسەڵات. لەم شەڕەدا زیاتر لە 147 هەزار کەس گیانیان لە دەستدا لە ناویاندا 2 هەزار و 440 سەربازی ئەمەریکایی، نزیکەی 4 هەزار کارمەندی گرێبەستی ئەمەریکا و 38 هەزار و 400 خەڵکی سڤیل.تێچوونی شەڕەکەش زیاتر لە 2 ترلیۆن و 200 ملیار دۆلار بوو بۆ ئەمەریکا. زیاتر لە دوو ملیۆن و شەش سەد هەزار ئەفغانیش بەهۆی شەرەکەوە ئاوارە بوون.

XS
SM
MD
LG