Accessibility links

ئەردۆغان دەڵێت بە بایدنی گوتووە، تورکیا هەڵوێستی بەرامبەر بە بابەتی S-400 ناگۆرێت


میدیای دەوڵەتی تورکیا ڕادەگەیەنێت سەرۆکی وڵاتەکە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان گوتویەتی لە یەکەم کۆبونەوەیدا لەگەڵ جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا پێی گوتووە تورکیا هەڵوێستی خۆی لەسەر سیستمی بەرگری S-400 ی ڕووسیایی ناگۆڕێت، کە واشنتن بەوهۆیەوە سزای خستبووە سەر ئانکەرە.

بایدن و ئەردۆغان پاش کۆبونەوە ڕاستەوخۆکەیان لە ڕۆژی دووشەممە گەشبینیان دەربڕی، هەرچەندە ئەو هاوپەیمانانەی ناتۆ هیچ پێشکەوتنێکی ئەوتۆیان بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانیان ڕانەگەیاند لە ناویاندا سیستمی بەرگری S-400، بابەتی سوریا و کێشەکانی تریش.

كڕینی سیستمی بەرگری S-400 ڕووسیایی لەلایەن توکیاوە بووە هۆی تێکچوونی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بەهۆی ئەو نیگەرانیانەی کە ئەو سیستمە لەگەڵ سیستمی بەرگری هاوپەیماناندا ناگونجێت و ڕەنگە ببێتە هۆی هەڕەشە بۆ سەر فڕۆکە جەنگییەکانی F-35 ئەمەریکا. تورکیا کە لە بەرنامەی ئەو فڕۆکانە دەرکرا ئەو نیگەرانیانەی ڕەتکردەوە. لە دەمی گەڕانەوەی بۆ وڵات لە ئازەربایجانەوە ئەردۆغان لە نێو فڕۆکەکە بە پەیامنێرانی ڕاگەیاند " بە بایدنم گوت نابێت ئەوان چاوەڕوان بکەن تورکیا هەنگاوی جیاواز لەسەر مەسەلەی F-35 و S-400 بنێت چونکە ئێمە ئەوەی پێویست بوو کردمان بۆ F-35 و پارەی پێویستمان دا."

ئەو گوتیشی " پێویستە لە نزیکەوە چاودێری پێشوەچوونەکان بکەین. ئێمە بەدواداچوون لەسەر هەموو مافەکانمان دەکەین." گوتیشی " لە ماوەی داهاتوودا وەزیرانی دەرەوە، بەرگری و بەرپرسانی پیشه سازی بەگریمان ئەم پرسە بە کۆبونەوە لەگەڵ هاوشانەکانیان بەرەوپێش دەبەن."

ئانکەرەو واشنتن هەوڵیان داوە جیاوازییەکانیان وەلاوەنێن و تیشک بخەنە سەر ئەو شتانەی کە دەتوانن پێکەوە کاری لەسەر بکەن وەکو ئەفغانستان و سوریا، هەرچەندە تورکیا بە پشتیوانی ئەمەریکا لە یەپەگە توڕەیە و بە تیرۆرستیان دەزانێت.

ئاژانسی دەنگوباسی ئەنادۆڵۆ ڕایگەیاندووە ئەردۆغان گوتوویەتی بۆچوونی تورکیای لەسەر ئەو پرسە گەیاندووەتە بایدن.

تورکیا پێشنیازی ئەوەی کردووە پاش کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا و ناتۆ لە ئەفغانستان، پاراستنی فڕۆکەخانەی کابوڵ ئەستۆ بگرێت. بەڕێوەبەری ناتۆ یێن ستۆڵتنبێرگ ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند تورکیا دەشێت ڕۆڵێکی سەرەکی لەوێ بگێڕێت بەڵام لە کۆبونەوەکە هیچ بڕیارێک نەدراوە.

ئەدۆگان گوتویەتی " پاش بڕیاری ئەمەریکا بۆ کشانەوەی لە ئەفغانستان، تورکیا دەتوانێت بەرپرسیارێتی زیاتر لێرە بگرێتە ئەستۆ." هەفتەی ڕابردوو تاڵیبان ڕایگەیاند دەبێت تورکیا سەربازەکانی خۆی

بەپێی ڕێککەوتنی2020 ی لەگەڵ ئەمەریکا لە ئەفغانستان بکشێنێتەوە، پێشنیارەکەی ئانکەرەی بۆ بەڕێوەبەردنی ئاسایشی فڕۆکەخانەی کابوڵ ڕەتکردەوە. تالیبان لە مانگی چواری ئەمساڵ ئامادە نەبوو بەشداری لە کۆنفرانسێکی ئاشتی لەسەر ئەفغانستان لە تورکیا بکات.

ئەردۆغان ڕۆژی دووشەممە گوتی تورکیا بەردەوام دەبێت لە وتووێژ لەگەڵ تالیبان لەسەر ئەو بابەتە، بەڵام هیچ کێشەیەک نییە لەسەر پلاندانان بۆ ئەرکی فڕۆکەخانە.

ڕۆژی دووشەممە لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی ڕێبەرانی ناتۆ لە برۆکسل، سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەدرۆگان کۆبووەوە، ئەمەش یەکەم کۆبوونەوەی هەردوو سەرۆک بوو لەوەتای بایدن لە پـۆستی سەرۆکی وڵاتدایە.

سەرچاوە/ ئاژانسی ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG