Accessibility links

هەوڵەکان بۆ قەدەغەکردنی هەدەپە لە تورکیا جارێکی چڕ دەبێتەوە


پاش ئەوەی داواکاری گشتی تورکیا ڕۆژی دووشەممە جارێکی تر داوای داخستنی پارتی هەدەپەی سەر بە کوردەکانی کرد، ئەمڕۆ سێشەممە هەدەپە ئەو هەنگاوەی شەرمەزار کرد و بە هەنگاوێکی بە تەواوەتی سیاسی ناودێری کرد.

داواکاری گشتی دادگای باڵای تورکیا ناسراو بە (یارگتای) ڕۆژی دووشەممە جارێكی تر دۆسێی داخستنی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) ی کردەوە.

داواکاری گشتی لە 17ی مانگی چوار تۆمەتبارکردنەکەی بۆ دادگای دەستووری نارد ، بەڵام دادگا بەهۆی نەبوونی بەڵگەی پێویست لە 31ی مانگی چواردا دۆسێکەی گەڕاندەوە.

پەروین بوڵدان هاوسەرۆکی هەدەپە ئەمڕۆ لە میانەی کۆبونەوەیەکی لەگەڵ پەرلەمانتارەکانی پارتەکەی خۆی لە پەرلەمانی تورکیا لەسەر ئەو بابەتە قسەی کرد و ناڕەزایی دەربڕی.

بوڵدان ڕایگەیاند کە سیستمی دادوەری پێویستە لە دزینی پارەو و گەندەڵی لە دژی گەورە بەرپرسانی حکومەت لێکۆڵینەوە بکات لە جیاتی ئەوەی دۆسێ لە دژی پارتەکەی ئەو بکاتەوە.

بوڵدان گوتی " ئێمە دەتواین ئەو دۆخە ببینین کە سیستمی داوەری تێی کەوتووە. دادوەرییەک کە نەتوانێت لە دژی ڕێکخراوە تاوانکارییەکان بوەستێتەوە، بە کردنەوەی دۆسێی دژی هەدەپە جارێکی تر بۆ دەسەڵاتدارانی مافیاکان بۆوە بە قەڵغان."

لە تورکیا مێژوویەکی دورودرێژی داخستنی ئەو پارتە سیاسییەکانە هەیە کە وەکو مەترسییەک دەبینرێن و هەتا ئێستا ژمارەیەک پارتی سیاسی سەربە کوردەکان قەدەغە کراون.

ئاژانسی دەنگوباسی ئەنادۆلۆی سەر بە دەوڵەتی تورکیا ڕایگەیاند کە لە نوێترین تۆمەتبارکردندا داوا کراوە 500 سیاسەتمەداری هەدەپە ڕێگەی کاری سیاسییان لێبگیرێت و دەوڵەت دەستبگرێت بەسەر سەرمایەی هەدەپە لە بانکەکانی تورکیادا.

داواکاری گشتی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگایاندووە کە هەدەپە تاوانی دژ بە سەربەخۆیی دەوڵەت و یەکڕیزی وڵاتی ئەنجام داوە.

ڕەخنەگران دەڵێن سیستمی دادوەری تورکیا لە ژێر کاریگەری سیاسیدایە، بەڵام پارتی دادو گەشەپێدان (ئاکەپە) و پارتی بزوتنەوەی نەتەوە پەرست (مەهەپە) ئەو تۆمەتە ڕەتدەکەنەوە.

سەرۆکی مەهەپە دەوڵەت باهچەلی، کە زۆر جار داوای داخستنی هەدەپەی کردووە، ئەمڕۆ ڕایگەیاند پێویستە دادگا بڕیاری داخستنی ئەم پارتە بدات.

XS
SM
MD
LG