Accessibility links

تورکیا دەیەوێت فڕۆکەخانەی کابوڵی ئەفغانستان بەڕێوەبەرێت


تورکیا پێشنیازی کردووە ئەرکی پاراستن و بەڕێوەبردنی فڕۆکەخانەی کابول پاش کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا و ناتۆ لە ئەفغانستان لە ئەستۆ بگرێت، بەڵام بەرپرسانی ئەمەریکا دەڵێن ئانکەرە چەند مەرجێکیی داناوە کە پێویستە چارەسەر بکرێن لە کاتێکدا سەرکردەکانیان ئامادەکاری دەکەن بۆ ئەوەی هەفتەی داهاتوو کۆببنەوە.

کاربەدەستانی تورکیا دەڵێن ئانکەرە ئەو پێشنیازەی مانگی پێنج لە میانەی کۆبوونەوەیەکی ناتۆدا کردووە کاتێک ئەمەریکا و هاوبەشەکانی ڕێککەوتن لەسەر پلانێک بۆ کشانەوەی هێزەکانیان هەتا 11 ی مانگی 9 لە دوای 20 ساڵی جەنگ بە مەبەستی شکستپێهێنانی هێزەکانی تاڵیبان.

بەرپرسێکی تورکیا ڕایگەیاندووە، کاربەدەستانی ئەمەریکا و تورکیا تاوتوێی شیانەی مەرجەکانیان بۆ ئەو ئەرکە کردووە کە واشنتن قائیل بووە بەوەی چارەسەریان بکات.

ئاژانسی ڕۆیتەرز دەڵێت ئەو کاربەدەستە تورکە هەروەها گوتویەتی " دوابەدوای بڕیارەکەی ئەمەریکا بۆ کشانەوەی لە ئەفغانستان، تورکیا پێشنیازی ئەوەی کرد کە ئاسایشی فڕۆکەخانەی کابوڵ مسۆگەر بکات. لەم چوارچێوەیەشدا وتووێژەکان لەگەڵ ناتۆ و ئەمەریکا بەردەوامە.

ڕۆڵی تورکی بۆ پاراستنی فڕۆکەخانە بۆ گەشتە نێودەوڵەتییەکان دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ باشترکردنی پەیوەندی نێوان ئانکەرە و وڵاتانی ڕۆژئاوا، لە کاتێکدائەو پەیوەندییانە تێک چووبوون بەهۆی کڕینی سیستمی بەرگریی دژە موشەکی ڕوسیا و ناکۆکییەکانی لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا لەسەر مافی دەرهێنانی نەوت و گازلە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست.

وەزیری بەرگری تورکیا خلوسی ئاکار ڕۆژی دووشەممە ئۆفەرەکەی ئانکەرە بە پێی پشتگیری ئەو هاوپیەمانانە بووە.

وەزارەتی بەرگری لە زاری ئاکارەوە ڕایگەیاند " خواستی ئێمە بۆ مانەوە لە ئەفغانستان دەکەوێتە سەر مەرجەکان، مەرجەکانی ئێمە چییە؟ پشتیوانی سیاسی، دارایی و لۆجستی. ئەگەر ئەمانە جێبەجێ بکرێن ئێمە دەتوانین لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی حامید کارزایی بمێنینەوە."

کاربەدەستێکی ئەمەریکا بە مەرجێک ناوی ئاشکرا نەکرێت دەڵێتئەوان پشێوازی لە پێشنیازەکەی تورکیا دەکەن بەڵام ئانکەرە داواکاری زۆری لە ئەمەریکا هەیە بۆ ئەنجامدانی ئەو ئەرکە.

کاربەدەستان ئاماژەیان بە هەندێک لە نیگەرانییەکانی ئەمەریکاش کردووە بۆ پشتبەستن بە تورکیا، بە لەبەرچاوگرتنی ناکۆکییەکانی پێشوویان، بەڵام گوتوشیانە واشنتن ڕێگەیەک دەدۆزێتەوە بۆ بەئەنجام گەیاندنی کارەکە.

ڕێبەرانی ناتۆ لە ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو لە کۆبونەوەیەکدا تاوتوێی بابەتی ئەفغانستان دەکەن، لەوێش سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لەگەڵ سەرۆک جۆو بایدن بۆ یەکەم جار لەو کاتەوەی بووە بە سەرۆکی ئەمەریکا کۆدەبێتەوە.

لەگەڵ هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان لەسەر ئەوەی تورکیا سیستمی دژە موشەکی S-400 ی ڕوسیاسی کڕێ، کە بووە هۆی سەپاندنی سزای ئەمەریکا بەسەر پشەسازی چەکی تورکیا، پلانی فڕۆکەخانەکە لەوانەیە هەلێکی دەگمەن بڕەخسێنێت بۆ بونیاتنانەوەی پەیوەندییەکان.

هەردوو وڵات ناکۆکییان لەسەر چەند بابەتی تریش هەیە لەوانە پشتیوانی ئەمەریکا بۆ شەڕڤانە کوردەکانی سوریا، ناکۆکییەکانی ئیسرائیل و فەلەستینییەکان و دۆسێی دادگای ئەمەریکا لە دژی بانکێکی دەوڵەتی تورکیا.

ئەم پێشنیازە لە کاتێکیشدایە کە پێکدادان لەسەر بەدەستهێنانی خاک لە ئەفغانستان سێ مانگ بەر لە کشانەوەی پلانبۆدارێژراو سەری هەڵداوە. ڕۆژی دووشەممە کاربەدەسێکی باڵای حکومەت ڕایگەیاند بەلایەنی کەم 150 سەربازی ئەفغانی کوژراون یان برینداربوون بەهۆی شەپۆلی هێرشەکانی ملیتانەکانی تالیبان لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا.

پاراستنی فڕۆکەخانەی کابول دەتوانێت یارمەتیدەربێت بۆ قایلکردنی هەندێک وڵات تائامادەبوونی دیپلۆماسی لە ئەفغانستان بهێڵنەوە.

مانگی ڕابردوو ئوسترالیا بەهۆی نیگەرانی ئەمنییەوە باڵیۆزخانەکەی لەو وڵاتەدا داخست.

لە ئێستادا تورکیا زیاتر لە 500 سەربازی لە ئەفغانستان هەیە وەکو بەشێک لە هێزەکانی نتۆ بۆ مەشق کردن بە هێزە ئەمنییەکانی ئەفغانستان، کاربەدەستەکەی تورکیا دەلێت ئەگەر تورکیا ئەرکی فڕۆکەخانە بگرێتە دەست ئەوا پێویستی بە ناردنی هێزی زیاترە.

XS
SM
MD
LG