Accessibility links

شاندێکی ئەمەریکا سەردانی تورکیا دەکات بە مەبەستی دڵنیابوون لە گەیاندنی هاوکاری مرۆیی بۆ خەڵکی سوریا


باڵیۆزی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان درەنگانی ڕۆژی سێشەممە بەرەو تورکیا بەڕێکەوت بۆ هەوڵەکانی تا دڵنیابێتەوە لەوەی یارمەتییە مرۆییەکان لە سنوورەکانەوە بگەیەندرینە سوریا ، ئەو بەرنامەیەی ڕووسیا لەم ساڵانەی دواییدا بە توندی سنوورداری کردووە لە کاتێکدا جەخت لەوە دەکاتەوە حکومەتی سوریا هەموو هاوکارییەکان بۆ ملیۆنان کەس کۆنتڕۆڵ بکات.

سەردانەکەی لیندا تۆماس- گرینفیڵد پێش بەسەرچوونی مۆڵەتی کۆمەکی مرۆییە کە لە10 ی مانگی حەوت بەکۆتایی دەگات، کە بە پێی ئەو مۆڵەتە چوار خاڵی سنووری کە دەستنیشان کرابوو بۆ گەیاندنی ئەو کۆمەکە مرۆییانە کەم کراوەتەوە بۆ تاکە خاڵە سنوورییەکەی تورکیا بە پارێزگای ئیدلب لە باکوری ڕۆژئاوای سوریاوە، کە لە ژێر دەستی گروپە چەکدارەکانی ئۆپزسیۆنی سوریایە.

هەروەها گەشتەکە لە پێش یەکەم کۆبوونەوەی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمەریکا دێت لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا لە پەراوێزی کۆبوونەوەی لوتکەی ناتۆ لە برۆکسل کە بڕیارە لە 14 ی مانگی حەوت بەڕێوە بچێت.

پەیوەندییەکانی نێوان ئانکەرە و واشنتن، کە سەردەمێک خۆیان بە هاوبەشی ستراتیژی یەکتر دەزانی، لەم ساڵانەی دواییدا ئاڵۆ بوو بەهۆی جیاوازییەکانیان لەسەر سوریا، هاوکاری تورکیا لەگەڵ ڕوسیا و دەستێوەردانی دەریایی تورکیا لە دەریای ناوەڕاست، کە کاربەدەستانی ئەمەریکا بە تێکدانی سەقامگیری ناوچەکە وەسفی دەکەن.

لە هەوڵێکدا بۆ چاککردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هاوپەیمانانی ناتۆدا، ئەردۆغان هەڵوێستەکانی دژ بە ڕۆژئاوا و دژ بە ئەمەریکای کەمتر کردووەتەوە، بەڵام سەرۆکی تورکیا ڕووبەڕووی بێدەنگی بایدن بووەوە تا ئەوە کاتەی لە 23 ی مانگی 4 قسەیان کرد و ڕێککەوتن لەسەر کۆبونەوەکەی ئەم مانگە.

ئەرکی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی سێشەممە لە راگەیەندراوێکدا گوتی، کە تۆماس گرینفیڵد لە میانەی سەردانەکەی لە ڕۆژی چوارشەممەوە بۆ هەینی لەگەڵ کاربەدەستە باڵاکانی تورکیادا کۆدەبێتەوە " بۆ تاوتوێکردنی دەرفەتەکان بۆ بەهێزکردنی پەیوەندی ئەمەریکا و تورکیا، کارکردن لەگەڵ هاوپەیمانی ناتۆمان بۆ چارەسەرکردنی ئاستەنگە جیهانییەکان (و)پێشخستنی هاوکاریەکان لەسەر سوریا."




XS
SM
MD
LG