گوتەبێژی پەنتاگۆن ڕایگەیاند کە ڕۆژی پێنجشەممە بێنی گەنتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل لەگەڵ وەزیری بەرگری ئەمەریکا لە واشنتن کۆدەبێتەوە و باس لە پرسە ئەمنیەکانی ناوچەکە، وەک کۆماری ئیسلامی ئێران و ڕەفتارە خراپەکانی ئەو وڵاتە دەکەن.
جۆن کیربی گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا ڕۆژی سێشەممە لە کۆنفرانسێکداسەبارەت بە تەوەری باسەکانی ئەو دانیشتنە گوتی، من پێشوەخت هیچ ناڵێم لەسەر گفتوگۆکان، بەڵام دەتوانین بڵێین لە نێو ئەو شتانەی کە باس دەکرێن بابەتەکانی پەیوەست بە ناوچەکە دەبن و بێگومان ئێران و ڕەفتارە شەڕانگێزەکانی یەکێک لە تەوەرەکانی ئەو گفتوگۆیانە دەبێت.
جۆن کیربی دەشڵێت "ئەمە یەکەمجار نییە وەزیری بەرگری ئەمەریکا لەگەڵ وەزیری بەرگری ئیسرائیل قسە دەکات، پێشتر و لە چەند هەفتەی رابردوشدا چەندین گفتوگۆی تەلەفۆنیان لەمەڕ غەززە ئەنجام داوە، کە زانیاریتان لەسەری هەیە و هەروەها ئێمە ماوەیەک لەمەوپێش گەشتێکمان بۆ ئیسرائیل کرد و ئەوان ڕۆژێکیان پێکەوە بەسەر برد. پێشبینی دەکەین سەردانەکەی ڕۆژی پێنجشەممە درێژەی ئەو گفتوگۆیانە بێت، بەڵام بەدڵنیاییەوە ئاسایشی هەرێمەکە لە سەرووی لیستی گفتوگۆکان دەبێت."
گوتەبێژی پەنتاگۆن وەڵامی پرسیارێکی لەسەر جموجۆڵی کەشتییەکی ئێرانی بۆ ڤیزوێلا نەدایەوە و گوتی "سەبارەت بەو ڕاپۆرتانەی کە دەربارەی کەشتیە ئێرانییەکە باس دەکرێت، باشترە لە خوودی ئێرانییەکان بپرسین کە پلان و مەبەستیان چییە و بە چییان دەوێت."گوتیشی " من لەم لێرەوە هیچ شتێک لەو بارەیەوە ناڵێم. من تەنانەت دەربارەی ئۆپەراسیۆنە بەردەوامەکانی هێزی دەریایی ئەمەریکاش هیچ ناڵێم مەگەر مانۆڕەکان نەبێت، هەروەها من باسی چالاکی دەریایی وڵاتێکی تر ناکەم و خودی هێزی دەریایی ئەو وڵاتە دەتوانێت باسی ئەوە بکات."
جۆن کیربی هەروەها لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا کە ئایا سەردانی ڕۆژی پێنجشەممەی وەزیری بەرگری ئیسرائیل بۆ واشنتن پەیوەندی بە وتەکانی ئەمڕۆی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلەوە هەیە لەسەر ئێران، گوتی " دڵنیاتان دەکەمەوە کە وردەکاری گەشتەکەی ئەم هەفتەیە و بیرۆکەکەی چەند مانگێک لەمەوبەر باس کراوە. هەفتەی ڕابردوو کاتێک وەزیری بەرگری ئەمەریکا و ئیسرائیل جارێکی دیکە قسەیان کردەوە، توانییان ڕۆژێکی دیاریکراو بۆ ئەو مەبەستە دەستنیشان بکەن."
گوتەبێژی پنتاگۆن گوتیشی " ئەو گەشتەی کە باس کراوە و ڕاگەیەنراوە و لەم هەفتەیەشدا بەڕێوەدەچێت، هیچ پەیوەندییەکی بەو قسانەوە نییە کە ئەمڕۆ لە ئیسرائیل گوتراوە و ئەمە پرسێکە کە ماوەیەکە وەزیرانی بەرگری ئەمەریکا و ئیسرائیل باسی لێوە دەکەن."
بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆک وەزیری ئیسرائیل ئەگەری بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی ئێرانی بە گەورەترین هەڕەشە بۆ سەر ئیسرائیل وەسف کردووەگوتوشیەتی بژاردەی ئیسرائیل لەناوبردن و سڕینەوەی ئەم هەڕەشەیە دەبێت، تەنانەت ئەگەر بێتو تێکچوونی پەیوەندی ئیسرائیل و ئەمەریکاشی لێبکەوێتەوە.