Accessibility links

کۆمارییەکانی ئەنجومەنی نوێنەران لیز چێنی بەهۆی ڕەخنەگرتنی لە ترامپ لە ڕێبەرایەتی پارتەکە دووردەخەنەوە


کۆمارییەکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا، ئەندامی کۆنگرێس لیز چێنی-یان لە پۆستی سەرکردایەتی پارتەکە دوورخستەوە بەهۆی ڕەخنەگرتنی لە بانگەشەکانی دانۆڵد ترامپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا لەسەر ساختەکاری لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە مانگی 11 ی ساڵی ڕابردوو.

ڕۆژی چوارشەممە نوێنەرەکان دەنگیان دا بۆ دوورخستنەوەی کچی جێگری سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دیک چێنی لە پۆستەکەی وەکو ڕێبەری کۆنگرەی کۆمارییەکان لە ئەنجومەنی نوێنەران، کە سێهەم باڵاترین پۆستی کۆمارییەکانە لە ئەنجومەنی نوێنەران و بەرپرسە بەرامبەر پەیوەندییەکانی پارتەکەی لەگەڵ ڕای گشتی.

چێنی، تەنها نوێنەری ویلایەتی وایۆمینگ لە ڕۆژئاوای ئەمەریکا،بە توندی ئیدانەی بانگەشەکانی سەرۆکی پێشوو ترامپی کرد کە دەڵێت خۆی نەک جۆ بایدنی دیموکرات، براوەی شەرعی هەڵبژاردنی مانگی 11بووە، سەرەڕای ئەوەی هەڵمەتەکەی چەندین سکاڵای لە دادگا دۆڕاند بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی کۆتایی لە ویلایەتە سەرەکییەکانی کە تیایدا دۆڕا.

سەرەتا بە دەنگدانی بۆ تاوانبارکردنی ترامپ بەهۆی ڕۆڵی لە هاندانی توندوتیژی شەشی مانگی 1 لە کۆنگرێسی ئەمەریکا، ناکۆکی خستە نێو پارتەکەوە.

لە میانەی وتارێکدا لە ئەنجومەنی نوێنەران شەوی سێشەممە چێنی هەوڵەکانی ترامپی بۆ بەلاڕێدا بردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بە " هەڕەشەیەک" وەسف کرد و گوتی " هەڕەشەیەکە کە ئەمەریکا هەرگیز پێشتر ڕووبەڕووی نەبووەتەوە."

ئەو گوتی " سەرۆکێکی پێشوو کە هانی هێرشی توندوتیژی بۆ سەر کۆنگرێس دا لە هەوڵێکدا بۆ ساختەکردن لە هەڵبژاردن، جارێکی تر هەوڵە توندوکانی دەستپێکردووەتەوە بۆ ئەوەی بڕوا بە ئەمەریکاییەکان بهێنێت کە لە هەڵبژاردنەکان دژ بەو فرتوفێڵ کراوە. ئەو مەترسی هاندانی توندوتیژی زیاد دەکات."

ئەو بەرگری لە ڕابردووی پارێزکارانەی خۆی کرد و گوتی " یەکێک لە پرنسیپە هەرە پارێزکارانەکان پاراستنی فەرمانی یاسایە، ئێمە دانانیشین و بە بێدەنگی بڕوانین لە کاتێکدا ئەوانی تر پارتەکەمان بەرەو ئاستێکی نزم بەرن بە نکوڵی کردن لە فەرمانی یاسا و بەشداری کردن لە هەڵمەتەکانی سەرۆکی پێشوو بۆ بنکۆڵکردنی دیموکراسیمان."

چاوەڕوان دەکرێت ئیلیس ستێفانیک نوێنەری نیویۆرک، کە بە پەرۆشەوە پشتیوانی لە ئیدیعاکانی ترامپ کردووە، بۆ جێگەی چێنی هەڵبژێردرێت. ڕێبەری کۆمارییەکان لە ئەنجومەنی نوێنەران کێڤن مککارتی لە میانەی وتووێژێکی ئەم دواییانەی لەگەڵ کەناڵی تەلەفیزیۆنی فۆکس نیوز پشتیوانی خۆی بۆ ستێفانیک دەربڕی.

XS
SM
MD
LG