جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا ئامانجێکی نوێی هەڵمەتی کوتانی نیشتمانی دژ بە کۆڤید - 19 ی ڕاگەیاند کە هاتا 4 ی مانگی حەوت 70 % ی خەڵکی تەمەن 18 ساڵ بەسەرەەوەی ئەمەریکا بەلایەنی کەمەوە یەک بەشی ڤاکسینی دژە کۆرۆنایان لێ درابێت. ئەم پێوەرە نوێیە بۆ گەڕانەوەی وڵات بۆ دۆخێ ئاسایی هاوکاتە لەگەڵ ڕۆژی یادی سەربەخۆیی ئەمەریکا.
سەرۆک ڕۆژی سێشەممە لە میانەی لێدوانێکیدا لە کۆشکی سپی ڕایگەیاند " ئەمەش مانای ئامادەکردنی نزیکەی 100 ملیۆن بەشە ڤاکسینی ترە- هەندێکیان بۆ بەشی یەکەم و هەندێکیش دووهەم، لە ماوەی 60 ڕۆژی داهاتوودا.
بە پێی نێوەندی کۆنترۆڵکردن و ڕێگەگرتن لە نەخۆشییەکان لە ئێستادا نزیکەی 40% ی ئەمەریکاییەکان بە تەواوەتی دژ بە ڤایرۆسەکە کوتراون.
کاربەدەستە باڵاکانی بەڕێوەبەرایەتییەکە دەڵێن ئەگەر لە 70% بۆ 85 % ی هەموو دانیشتوانی ئەمەریکا دژ بە ڤایرۆسەکە بکوترێن، ڕێژەی توشبوون بە ڤایرۆسەکە بە شێوەیەکی ئێجگار زۆر کەم دەبێتەوە و ژیان لە وڵاتەکەدا دەخاتە سەر ڕێڕەوی گەڕانەوەی بۆ دۆخی ئاسایی.
بایدن هەروەها ڕایشیگەیاند هەزاران دەرمانخانەی بەرنامەی دەرمانخانەی فیدراڵی ئاراستە دەکات بۆ پێشکەشکردنی پشکنین و ئاراستەکردنەوەی سەرچاوەکانی حکومەت بۆ پشتیوانی کردن لە کلینکی زیاتری گەڕۆک و بنکەی ڤاکسین لە کۆمەڵگە بچووکەکاندا.
بایدن گوتیشی حکومەتی فیدراڵی کەرەستەی پێداویستی ڤاکسین ڕەوانەی بنکە تەندروستییەکانی ناوچە دووردەستەکانی سەرانسەری ئەمەریکا دەکات و بودجەی زیاتر بۆ کۆمەڵگەکان تەرخان دەکات تا هانیان بدرێت بۆ کوتان دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا.
بایدن گوتیشی " ئێستا ئێمە کار بۆ ئەوە دەکەین ڤاکسینەکە بگەیەنینە ئەو کەسانەی کە کەمتر لەخەمیدان."
کۆشکی سپی هەروەها پلانێکی گشتگیر بۆ کوتانی نەوجەوانانیش دەستپێدەکات ئەوەی هەر کاتێک کە بەڕێوەبەرایەتی دەرمان و خۆراکی ئەمەریکا ڤاکسینی فایزەر بۆ نەوجەوانان پەسەن بکات، کە چاوەڕوان دەکرێت لە ماوەی ئەم چەند هەفتەیەدا بکرێت.
سەرۆک گوتی " هیوادارم کاتێک ڤاکسینەکە پەسەند کرا، دایکان و باوکان ئەو هەلە بقۆزنەوە و منداڵەکانیان بکوتن."
ئەمەریکا پابەندە بەوەی لەم مانگەوە 60 ملیۆن بەشە ڤاکسینی کۆرۆنای کۆمپانیای دەرمانسازی ئەسترازەنێکا ڕەوانەی وڵاتانی تر بکات. سەرۆک بایدن دەڵێت ئەو وڵاتانەی کە ڤایرۆسەکە زۆر کاریتێکردوون وەکو بەرازیل و هیندتان لەو وڵاتانە دەبن کە سەرەتا بۆیان دەچێت.