Accessibility links

 دادگای ئەوروپا: تورکیا مافی ڕۆژنامەوان پێشێل دەکات


ڕۆژی سێشەممە دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا ڕایگەیاند تورکیا مافی ڕۆژنامەوانێکی بەناوبانگی پێشێل کردووە بە ڕەتکردنەوەی دەستڕاگەیشتنی ڕۆژنامەوانەکە بە زانیارییەکان لەسەر ئەو دەنگۆیانەی کە لە دژی گەندەڵی چوار وەزیر لە حکومەتەکەی سەرۆک رەجەب تەیب ئەردۆغاندا بڵاوبوونەتەوە.

بانوو گوڤەن ڕۆژنامەنووسی تورک دوای ئەوەی دادگاکانی تورکیا قەدەغەیان کرد لێپرسینەوەیەکی پەرلەمانی لە پەیوەند بەو بانگەشەیەوە ئاشکرا بکرێت، سکاڵای خۆی لەو بارەیەوە پێشکەشی (ECHR) کرد کە بنکەکەی لە شاری ستراسبۆرگی فەرەنسایە.

ئەو دەنگۆیانەی کە لە مانگی 12ی ساڵی 2013 دا لە بارەی گەندەڵی کاربەدەستانی باڵادەست بڵاو بوویەوە، شەرمەزاریەکی گەورە بوو بۆ ئەردۆغان، سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتی تورکیا.

دەسەڵاتدارانی تورکیا ئەو بانگەشەیەیان بە پیلانێکی فەتحوڵا گولەن ناوبرد و بەدرۆیان خستەوە. گولەن هاوپەیمانی پێشووی ئەردۆغان بوو کە لە ئیستادا ئەنکارا تۆمەتباری کردوە بە ئەنجامدەری کودەتا شکستخواردووەکەی تورکیا.

بۆ دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا دەرکەوتوە کە بڕیارەکەی دادگای تورکیا بۆ ئاشکرانەکردنی زانیارییەکان لەسەر لێپرسینەوەکە پێشێلکردنی مافی ئازادی رادەربڕینی گوڤەنی ڕۆژنامەوان بووە.

بڕیارەکەی دادگای تورکیا کاریگەرییەکی سەرەکی هەبوو لەسەر مافی ئازادی ڕادەربڕین لەسەر ئەو پرسە.

دادگا دەشڵێت "بڕیارەکە رێگری لەوەی خاتوو گوڤەن بە گوێرەی پێویست لە لایەن دەوڵەت و یاساوە لە کۆمەڵگەی دیموکراتیکدا بە ئاستێکی پێویست پاراێزراو بێت."

دادگاکە تورکیای سزا داوە کە لە بەرامبەردا دەبێت بڕی 1500 یۆرۆ (1800 دۆلار) بدات بە گوڤەن.

گۆڤەن لە ئەکاونتی تویتەرەکەی خۆی لە کاتی پێشوازی لە حوکمە نووسیویەتی "ئازادی ڕۆژنامەگەری سەرکەوت".

ئەو پەیامنێرە تا ساڵی2011 پێشکەشکاری کەناڵی هەواڵی تورکی NTV بووە. دواتر ڕۆیشتوەتە تەلەفزیۆنی IMC و تا ساڵی 2016 کە ئەو دەزگای ئۆپۆزسیۆنە داخراوە، لەوێ کاری کردوە.

دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا لەو چەند مانگەی دواییدا زنجیرە حوکمێکی دژی تورکیا دەرکردووە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە نیگەرانییەکان سەبارەت بە تورکیا زیادی کردوە بە هۆی بەرەنگارییەکانی ئەو وڵاتەوە لە دژی دادگای باڵای مافەکانی ئەوروپا.

هەروەها ئەو دادگایە داوای لە تورکیا کردووە کە سەلاحەدین دیمرتاش، سەرۆکی زیندانیکراوی کورد و عوسمان کەڤاڵە ئازاد بکات، بەڵام هەردووکیان هێشتا لە زیندان ماونەتەوە.

هەروەها نیگەرانییەکان لە بارەی ئازادی ڕۆژنامەگەرییەوە لە تورکیا لە سایەی ئەردۆغاندا زیادی کردوە و چەندین بڵاوکراوە داخراون و دەیان پەیامنێر زیندانی کراون بەهۆی چالاکییەکاننانەوە.

چالاکوانانی ئازادی ڕۆژنامەگەری زۆر لە مێژە ڕەخنەی توندی دەسەڵاتداران دەکەن بە هۆی قەدەغەکردن و بڵاونەکردنەوەی رووداوە هەستیارەکان، لەوانە هێرشە تێرۆریستیەکان.

XS
SM
MD
LG