Accessibility links

تەرمی دیپلۆماتێکی سویسرا له ئێران دەدۆزرێتەوە


گوتەبێژی خزمەتگوزاری فریاکەوتن لە ڕێگای ئاژانسەکانی هەواڵنێری ئێرانەوە ڕایگەیاند سکرتێری یەکەمی باڵیۆزخانەی سویسرا لە تاران ڕۆژی سێشەممە پاش کەوتنە خوارەوەی لە باڵەخانەیەکی بەرزەوە لە باکوری شاری تاران بە تەرمەکەی دۆزرایەوە.

وەزارەتی دەرەوەی سویسرا (FDFA) بەبێ ئەوەی ناسنامەی قوربانییەکە ئاشکرا بکات ڕایگەیاند، کارمەندێکی باڵیۆزخانەکەی لە ئێران بەهۆی ڕووداوێکەوە گیانی لەدەستداوە. وەزارەتی دەرەوە و ئیگنازیۆ کاسیس، سەرۆکی ئەنجومەنی فیدراڵی دەڵێن بەو هەواڵە شۆک بوون و پرسەو سەرەخۆشی ئاراستەی خێزانەکەی دەکەن.

ئاژانسی هەواڵی فارس لە زاری موجتەبا خالیدی وتەبێژی خزمەتگوزاری فریاکەوتنی ئێرانەوە ڕایگەیاندوە کە تەرمی ئەو دیپلۆماتە پاش ئەوەی کارمەندێک لە بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە گەیشتوەتە شوقەکەی، لە لایەن باخەوانێکەوە دۆزراوەتەوە.

خالدی بە ئاژانسی هەواڵی مێهری ڕاگەیاند "ئەو کەسە یەکەم سکرتێری باڵیۆزخانەی سویسرا بووە و بە فارسیشی گوتووە "هێشتا هۆکاری کەوتنەخوارەوەکەی دیاری نەکراوە".

ئاژانسی هەواڵی نیوە فەرمی ئیسنا ڕایگەیاند کە دیپلۆماتەکە تەمەنی 51 ساڵ بووه و ڕاپۆرتەکانی تر تەمەنەکەیان بە52 ساڵ ڕاگەیاندووە.

سویسرا لە دوای شۆڕشی ئیسلامی ساڵی 1979 وە نوێنەرایەتی بەرژەوەندی دیپلۆماسی ئەمەریکا لە ئێران دەکات.

XS
SM
MD
LG