کاربەدەستانی تەندروستی ڕادەگەیەنن، بەرەبەیانی هەینی لە فیستیڤاڵێکی ئاینیدالە باکوری ئیسرائیل کە دەیان هەزار جووە ئۆرتۆدۆکسەکانی تیایدا ئامادە بوون، بەهۆی قەرەباڵغییەکی زۆرو کەوتن بەسەریەکتردا بەلایەنی کەمەوە 44 کەس گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی 150 کەسی تریش بریندار بوون کە باری تەندروستی 38 لەوانەش لە مەترسیدایە. ئەم ڕووداوە بە کوشندەترین کارەساتی سڤیلی ئەو وڵاتە ناودێر کراوە.
بە پێی قسەی شایەتحاڵەکان و گرتە ڤیدیۆییەکان ڕووداوەکە لە کاتێک دەستیپێکرد کە ژمارەیەکی زۆری خەڵک لە ڕێڕەوێکی هاوشێوەی تونێل گیریان خواردبوو. خەڵکەکە لە کۆتایی ڕێڕەوەکەوە کەوتن بەسەر یەکتردا لە کاتێکدا لەسەر پلیکانەکاندا خزان.
یەکێک لە بریندارەکان ئەڤراهام لیبی بە کەناڵی کانی دەنگوباسی ئیسرائیلی ڕاگەیاند ئەو خەڵکە هەواڵیان دەدا لە چیاکە بێنە خوارەوە لەسەر ڕێڕەوێکی لێژی کانزایی پێیان خزابوو و پاشان بە پلیکانەکاندا کەوتنە خوارەوە. ئەو گوتیشی " کەس نەیتوانی خۆی بگرێتەوە، من دەمبینی هەر خەڵک بوو بەسەر یەکتردا دەکەوتن."
گرتە ڤیدیۆییەکان ژمارەیەکی زۆری خەڵكی، زۆربەیان پیاوانی ئاینی ئۆرتۆدۆکسن، لە نێو تونێڵەکە گیریان خواردووە. ڕاپۆرتە بەراییەکان دەڵێن خەڵکی بەهۆی بەربەستەکانی پۆلیسەوە نەیانتوانیوە خێرا دەربچن.
ئەم ڕووداوە لە میانەی مەڕاسیمی ئاینی لەگ بعومەر لە چیای مەرون ڕوویداوە. ئەم مەڕاسیمە یەکەم مەڕاسیمی قەرەباڵغی ئاینی بوو کە بە یاسایی ئەنجام بدرێت لەو کاتەوە ئیسرائیل کۆت و بەندەکانی کە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە دانرابوون، هەڵگرتووە.
حاڵەتەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەو وڵاتەدا هەتادێت کەم دەکات لەوەتای یەكێک لە سەرکەوتووترین هەڵمەتەکانی کوتان لە کۆتایی ساڵی ڕابردۆوە دەستیپێکرد.
وا مەزەندە دەکرێت ئەم ساڵ نزیکەی 100 هەزار کەس لەو بۆنەیە ئامادە بووبن.
سەرۆک وەزیری وڵاتەکە بنیامین نەتەنیاهۆ، لە نیوەڕۆی هەینی سەردانی چیای مەرونی کرد و گوتیئەم کارەساتە " یەکێک بووە لە خراپترین کارەساتەکانی کە لە وڵاتەکەدا ڕوویدابێت" و پرسەو سەرخۆشی ئاراستەی کەسوکاری قوربانیان کرد. ئەو گوتیشی ڕۆژی یەکشەممە ڕۆژی پرسەی نیشتمانی دەبێت.