Accessibility links

جێگری سەرۆکی ئەمەریکا و سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران مێژوو تۆمار دەکەن


کامڵا هێرس جێگری سەرۆک و نانسی پیلۆسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران ڕۆژی چوارشەممە مێژوویان تۆمار کرد کاتێک بۆ یەکەم جار لە مێژووی ئەمەریکادا لە میانەی وتاری سەرۆک لە کۆنگرێس دوو ژن پێکەوە لە پشتی سەرۆکەوە بن.

لە یەکەم وتاری فەرمی سەرۆک بایدن لەبەردەم کۆنگرێس شەوی چوارشەممە، پیلۆسی و هێرس هەردوو دیموکراتی کالیفۆرنیا لە پشتی سەرۆکەوە بوون.

نانسی پیلۆسی چەند کاتژمێرێک بەر لە گوتارەکە لە میانەی وتووێژێکیدا لەگەڵ کەناڵی MSNBC ی گوتی " مایەی خۆشحاڵییە کە ئەم مێژووە تۆمار دەکرێت. لە کۆتاییدا ئەوە کاتە هات."

پیلۆسی دەزانێت ئەو هەستە چۆنە کە لەوێ دانیشیت سەرۆک پێشکەش بکەیت بۆ وتارەکەی. ئەو چەندین سەرۆکی بۆ وتارەکانیان پێشکەش کردووە لە ناویاندا سەرۆک جۆرج بوش، باراک ئۆباما، دانۆڵد ترامپ و ئەمجارەش جۆو بایدن. نانسی پیلۆسی یەکەم ژن بوو لە مێژووی ئەمەریکا ببێت بە سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران.

خەباتکارانی مافی ژنان دەڵێن بینینی هێرس و پیلۆسی کە لە پشتی سەرۆک بایدنەوە دانیشتبوون ، شتێکی زۆر جوان بوو. بەڵام دەشڵێن هێشتا نەگەیشتوون بەوەی ژنێک بۆ سەرۆک هەڵبژێردرێت، هەروەها بەدەستهێنانی مافی یەکسانی کە لە دەستووردا مسۆگەر کراوە.

بایدن بە هەڵبژاردنی هێرسی سیناتۆری کالیفۆرنیا بۆ جێگری سەرۆک ئەو ئامانجەی نزیک کردۆتەوە.

کریستیان نونەس، سەرۆکی ڕێکخراوی نیشتیمانی بۆ ژنان ڕایگەیاند "ئەمە سەرەتایەکی گەورەیە و دەبێت بەردەوام بین لەوەی ژنان بەرەو پێشبچن بۆ بەدەستهێنانی مافی یەکسان."

وتاری دانۆڵد ترامپ لە ساڵی 2020، کە پاش وتارەکە نانسی پیلۆسی دەقی وتارەکەی دڕاند
وتاری دانۆڵد ترامپ لە ساڵی 2020، کە پاش وتارەکە نانسی پیلۆسی دەقی وتارەکەی دڕاند

پیلۆسی تەمەن 81 ساڵان لە میانەی سەرۆکایەتی ترامپدا ڕۆڵێکی بەهێزی ڕێبەرایەتی گێرا لە کاتێکدا لە دواین دوو وتاری لە پشتی ڕاوەستابوو، لە ساڵی 2020 پاش تەواو بوونی وتارەکەی ترامپ پیلۆسی دەقی وتارەکەی دڕاند وەک کاردانەوەی بەرامبەر بە وتەکانی.

هێرسی 56 ساڵان وەکو یەکەم جێگری سەرۆکی ژن و یەکەم ژنی و یەکەم کەسی ئەمەریکایی بە ڕەچەڵەک ئەفریکایی و هیندی بۆ ئەو پۆستە مێژووی تۆمار کرد. لە ڕۆڵیدا وەکو سەۆرکی ئەنجومەنی سینات ئەو لەگەڵ پیلۆسی چاودێری دانیشتنی هاوبەشی کۆنگرێس دەکات.

جێگری سەرۆکی ئەمەریکا کامڵا هێرس
جێگری سەرۆکی ئەمەریکا کامڵا هێرس

دێبی والش بەڕێوەبەری سەنتەری ژن و سیاسەتی ئەمەریکایی لە زانکۆی ڕوتگەرس گوتی شەوی چوارشەممە بە پیاوان، ژنان ، کوڕان و کچانی پیشان دەدات کە ژنان دەتوانن پلەی بەرز بەدەست بهێنن و ئەوانیش وەکو پیاوان دەتوانن ئەو کارە بکەن.

والش گوتیشی " بۆ هەمو ئێمەی کە گرنگی بە ڕێبەرایەتی کردنی گشتی ژنان دەدەین، هێشتا چاوەڕوانی ئەو ڕۆژەین کە ئەو کەسەی لە پێشوە وتارەکە پێشکەش دەکات ژنێک بێت. بەڵام بۆ ئێستا ئەمەش ساتێکی خۆر خۆشەو تایبەتە."

XS
SM
MD
LG