Accessibility links

برایەکی ڕامین حوسەین پەناهی زیندانیی سیاسیی لەسێدارەدراو دەڵێت فشارێکی زۆر لەسەر بنەماڵەکەیانە


دایک و باوکی ڕامین حسێن پەناهی
دایک و باوکی ڕامین حسێن پەناهی

برایەکی ڕامین حوسەین پەناهی، زیندانی سیاسی کورد کە لە ساڵی 2018دا لە ئێران لە سێدارەدرا، سەبارەت بە ڕاگەیاندنی هەواڵی قەدەغەی هاتووچۆی باوک و دایکە بەتەمەنەکەیەوە، دەڵێت کە دەزگا ئەمنییەکان و سیستمی دەسەڵاتداری ئێران ساڵانێکە لە هەوڵدان چۆک بە بنەماڵەکەیان دابنێن.

ئەمجەد حوسەین پەناهی برای ڕامین حوسەین پەناهی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " زیاتر لە 15 ساڵە بە بەردەوامی لەلایەن دەزگا ئەمنیەکانەوە لە کوردستانفشار دەخرێتە سەر خێزانەکەمان".

ناوبراو بە ئاماژەدان بە مردنی دوو براکەی وتی "دوایین نموونە ڕامین حوسەین پەناهی، چالاکوانی دیاری کورد بوو کە بەداخەوە لە ساڵی 2018دا لە سێدارەدرا و تاکو ئێستاش تەرمەکەی نەدراوەتەوە بنەماڵەکەم و هێشتاش فشار لە دژی دایک و باوکە پیرەکەم بەردەوامە."

ئەمجەد حوسەین پەناهی کە لە دەرەوەی وڵات دەژێت دەشڵێت"ئەمە جاری یەکەم نییە کە پاسپۆرتی دایک و باوکی زەوت دەکرێت. بە وتەی ناوبراو ساڵی پاریش دەست بەسەر پاسپۆرتەکانیاندا گیراوە.

ئەو گوتیشی "رۆژی یەکشەممە 25ی مانگی چوار دایک و باوکی بۆ وەرگرتنی پاسپۆرتەکەیان چوونەتە نوسینگەی پاسپۆرتی شاری سنە و لەوێ پێیان وتراوە نەک پاسپۆرتەکانیان ناگەڕێنینەوە، بەڵکو لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە تاران پێیان ڕاگەیاندون کە بۆ ماوەی پێنج ساڵ چوونە دەرەوەیان لێ قەدەغەکراوە".

ناوبراو گوتیشی ئەو نووسینگەیە پێی ڕاگەیاندوون کە ئەمە بڕیاری ئەوان نییە و فەرمانێکە لە تاران و لە وەزارەتی ئیتلاعاتەوە بۆیان هاتووە.

بە گوتەی ئەمجەد حوسەین پەناهی دایک و باوکی نەک تەنها لە ماوەی ئەم چەند ساڵەدا ڕێگەیان پێنەدراوە وڵات بەجێبهێڵن، بەڵکو وەزارەتی ئیتلاعات بۆ گەشتی نێوان شارەکانی ئێرانیش رێگەی لێگرتوون. دەڵێت ئاخر جار کاتێک دایکی ویستویەتی سەردانی دایکی لوقمان مورادی بکات کە زیندانییەکی سیاسیی دیکەی کورد بوو کە لە ساڵی 2018 دا لەگەڵ ڕامین لە سێدارە درا،لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعاتەوە گەڕێندرایەوە بۆ دێگۆڵان کە شارۆچکەی نیشتەجێبۆنیانە.

برای ڕامین حوسەین پەناهی بە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی هەموو فشارێک بۆ سەر خێزانەکەی بەکاردێنێت، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "لەماوەی ئەم چەند ساڵەدا چەندین جار باوک و دایکی بانگ کراون و هێزە ئەمنیەکان ناچاریان کردوون لە بەردەم کامێرا و تەلەفزیۆندا دژ بە منداڵەکانیان قسە بکەن. وتیشی"ئەو فشارانە لە دژی دایک و باوکی لە مێژە هەیە و لە ماوەی ئەو چەند ساڵەدا بە بەردەوامی بووەتە بەشێک لە بەرنامەی ڕۆتینی وەزارەتی ئیتلاعات لە شاری سنەدا."

ئەمجەد حوسەین پەناهی هۆکاری ئەو هەموو ئازار و فشارانەی کە لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە ڕووبەڕووی دایک و باوکی دەبێتەوە، دەگێرێتەوە بە خۆڕاگری و کۆڵنەدانی دایک و باوکی لە دژی سیستمی دەسەڵاتدار و دامەزراوەکانی ئاسایشی ئەو وڵاتە.

بەپێی زانیارییەکان رامین حوسەین پەناهی ڕۆژی هەینی 23ی مانگی شەشی ساڵی 2017 لە شاری سنە لەلایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانی ئێرانەوە تەقەی لێکرا و پاشان دەستگیر کراوە. هێزەکانی سوپای پاسداران بانگەشەی ئەوەیان کرد کە ناوبراو شەڕی چەکداری لەگەڵ کردوون، بەڵام خێزانەکەی ئەو بانگەشەیان ڕەتکردەوە. دواتر ڕامین لە دادگاییکردنێکی چەند خولەکیدا بە تۆمەتی "چالاکی دژی ئاسایشی نیشتمانی" سزای سێدارەی بۆدەرکرا. سزاکەی لە 8ی مانگی نۆی ساڵی 2018 دا لەگەڵ سزای لە سێدارەدانی لوقمان مورادی و زانیار مورادی جێبەجێ کرا.

XS
SM
MD
LG