Accessibility links

ئەمەریکا بەکارهێنانی ڤاکسینی جۆنسن & جۆنسنی دژ بە کۆرۆنا دەستپێدەکاتەوە


کاربەدەستانی تەندروستی ئەمەریکا ڕۆژی هەینی بەکارهێنانی ڤاکسینی جۆنسن & جۆنسنی دژە کۆرۆنایان دەسپێکردەوە پاش 11 ڕۆژ لە ڕاگرتنی. ئەم بڕیارەش پاش ئەوە بوو کە زانایان ڕایانگەیاند سودەکانی زۆر زیاترە لە مەترسی دەگمەنی مەینی خوێن.

حوکومەت حاڵەتی 15 کەسی ئاشکرا کرد کە ئەو ڤاکسینەیان وەرگرتبوو و توشی مەینی خوێن بوبوون، ئەمەش لە کۆی نزیکەی 8 ملیۆن کەسی کە ڤاکسینی یەک ژەمەی جۆنسن & جۆنسنیان وەرگرتبوو. هەموو ئەو کەسانەی توشی ئەو حاڵەتە دەگمەنە بوون ژنن و زۆربەیان تەمەنیان لە 50 ساڵ کەمترە. 3 کەس بەوهۆیەوە گیانیان لەدەستدا و حەوتیش هێشتا لە نەخۆشخانەن.

بەڵام لە کۆتاییدا کاربەدەستانی تەندروستی فیدڕاڵی ئەمەریکا بڕیاریان دا ڤاکسینەکە گرنگە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پەتاکە، ئەو مەترسییەش بەوە کەمتر دەکرێتەوە کە هۆشداری بدرێت بە ژنە گەنجەکان ئەگەر بیانەوێت ئەم ڤاکسینە لێبدەن یان ڤاکسینێکی تر.

نێوەندی کۆنترۆڵکردن و ڕێگەگرتن لە نەخۆشییەکان CDC ڕایگەیاند ڤاکسینەکە زۆر گرنگ بوو بۆ هەندێک کەسی کە بە پەرۆشەوە چاوەڕوانی دەسپێکردنەوەی هەڵمەتی کوتانەکەیان بەو ڤاکسینە دەکرد. بەڕێوەبەرایەتی خۆراک و دەرمانی ئەمەریکا زانیارییەکانی ئۆنلاینی ڤاکسینەکەی نوێکردەوە بۆ ئەو کەسانەی کە لە خۆیانی دەدەن و کارمەندانی تەندروستیش، تا بتوانرێت کوتانەکان بەو ڤاکسینە لە ڕۆژی شەممەوە دەستپێبکاتەوە.

XS
SM
MD
LG