Accessibility links

بڕیارە ئەڵمانیا هەتا 4 ی 7 هێزەکانی لە ئەفغانستان بکشێنێتەوە


وەزارەتی بەرگری ئەڵمانیا ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند پلانی داناوە لەسەرەتای مانگی حەوتدا سەربازەکانی لە ئەفغانستان بکشێنێتەوە، پاش ئەوەی ئەمەریکا پلانی کشانەوەی هەتا 11 ی مانگی نۆ ڕاگەیاند.

گوتەبێژی وەزارەتەکە لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی دەنگوباسی فەرەنسی جەختی لەوەکردەوە کە بڕیاری کۆتایی لەلایەن نۆتۆوە دەدرێت و گوتی " بیرکردنەوەی ئێستا... ئەوەیە کە ماوەی کشانەوەکە کورت بکرێتەوە. ڕۆژی 4ی مانگی حەوت بۆ کشانەوەکە دیاری کراوە".

ناتۆ لە هەفتەی ڕابردوو بەوە ڕازی بوو کە لە یەکی مانگی پێنجەوە دەستبکات بە کشانەوەی هێزەکانی لە ئەفغانستان.

لە ئێستادا 9،600 هێزی مەشق و ڕاهێنان و پشتیوانی ئەرکەکانی ناتۆ، لە ئەفغانستانن کە بریتیشە لە سەربازانی ئەمەریکایی. ئەم هێزانە بە شێوەیەکی زۆر پشست بە سەرمایە سەربازییەکانی واشنتن دەبەستن.

ئەڵمانیا لە پاش ئەمەریکا دووهەم هێزی گەورەی لە ئەفغانستان هەیە کە بریتیە لە هەزار و 100 سەرباز.

کشانەوەی سەربازانی بیانی لە ئەفغانستان لە کاتێکدایە وتووێژەکانی ئاشتی لە نێوان تالیبان و حکومەتی ئەفغانستان لە دۆخێکی چەقبەستوودایە.

بەڵام وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن بەرگری لە بڕیاری ئەمەریکا بۆ کشانەوە دەکات و دەڵێت هەڕەشەی تیرۆر جوڵاوە بۆ شوێنی تر و پێویست بوو سەرچاوەکان دووبارە جەختبکەنەوە سەر ئاستەنگەکانی وەکو چین و پەتاکە.



XS
SM
MD
LG