Accessibility links

ڕەزا پەهلەوی: پێویستە دانانی شای داهاتووی ئێران بە هەڵبژاردن بێت


ڕەزا پەهلەوی، کوڕی دوایین شای ئێران و کەسایەتی ئۆپۆزسیۆنی تاراوگەنشین بۆ یەکەم جار داوای لە ئێرانییەکان کرد کە بیر لە پاشایەتییەکی هەڵبژێردراو بکەنەوە وەک سیستەمێکی دەسەڵاتداری لە جێگای کۆماری ئیسلامیدا و گوتیشی لەو حاڵەتەدا بۆ ئەو زۆر گرنگ نییە کە ڕۆڵێکی هەبێت یان نا لەو حکومەتەدا.

گروپە ئۆپۆزیسیۆنەکانی ئێران کە بە زۆری نیشتەجێی دەرەوەی ئێرانن، لە مێژە لەبارەی داهاتووی ئێرانەوە دابەش بوون بەسەر بەرەی جیاوزدا.لایەنگرانی پەهلەوی دەیانەوێت ئەو سەرۆکایەتی پاشایەتییەکی نوێ بۆ ئێران بکات، لە کاتێکدا چالاکوانانی دیکە خوازیاری کۆمارێکی نوێن لە جێگای کۆماری ئیسلامی دەسەڵاتخواز کە لەلایەن پیاوانی ئاینی شیعەوە سەرکردایەتی دەکرێت و لە شۆڕشی ساڵی 1979 دا باوکی شازادەیان لە دەسەڵات لادا.

پیاوانی ئاینی کۆماری ئێسلامی نایانەوێ بە هیچ شێوەیەک واز لە دەسەڵات بهێنن و دەیان ساڵە لە ڕێگای توندوتیژییەوە ناڕەزایەتییە ناوخۆییەکانیان سەرکوت دەکەن. بە گوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە مانگی یازدەی 2019دا، لە کاتی خۆپیشاندانەکانی دژە حکوومەتدا زیاتر لە 300 کەس کوژراون.

وەک ئاماژەیەک کە ڕەنگە پەهلەوی هاوکار بووبێتبۆ یارمەتی گرووپە ئۆپۆزیسیۆنەکانی بزووتنەوەی پاشایەتی و کۆمارییەکان بۆ یەکگرتنەوە و بەلاخستنی دابەشبوونەکان لە بەرنگاریاندا دژی کۆماری ئێسلامی، ئەندامانی هەردوو لایەن پێشوازیان لە سەرنجەکانی ڕەزا پەهلوی کرد کە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا بەشی فارسیدا لە ڕۆژی هەینی ڕایگەیاندبوو سەبارەت بە سیستەمی داهاتووی حکومەتی ئێران.

بەڵام ئەندامانی لایەنەکان دەڵێن ئەو لێدوانە پرسیاری نوێش دروست دەکات لەسەر ئەوەی کە پاشایەتی هەڵبژێردراوی پێشنیارکراو جیاوازی لەگەڵ سیستەمی کۆماریدا چۆن و چی دەبێت و پەهلەوی چ ڕۆڵێک لە حکومەتی نوێ و دوای کۆماری ئیسلامی دەگێڕێت.

پەهلەوی کە لە ویلایەتی مەریلاندی ئەمەریکا نیشتەجێیە لە چاوپێکەوتنەکەیدا دەڵێت ئەگەر بڕیار بێت پاشایەتی بەشێک بێت لە داهاتووی ئێران و بەشداری لە کاروباری ئەو وڵاتەدا بکات، ئەوا دەبێت پاشایەک بێتە سەر کار کە لەلایەن گەلەوە "هەڵبژێردرا" بێت وتیشی"من کێشەیەکی جدیم لەگەڵ پاشایەتی بۆماوەییدا هەیە."

باوکی پەهلەوی، محەمەد ڕەزا پەهلەوی، لە ساڵی 1941 دا بوو بە جێنشینی ڕەزا پەهلەوی باوک کە دامەزرێنەری بنەماڵەی پەهلەوی بوو. شازادە پەهلەوی دەڵێت " ئێرانی سەدەی 21 لەگەڵ ئێرانی سەد ساڵ پێش ئێستا و سەردەمی پاشایەتی جیاوازی زۆرە.

پەهلەوی لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا کە ئایا سەرۆکی پاشایەتییەکی هەڵبژێردراو دەبێت بۆ هەموو ژیانی پاشا بێت، پێدەچوو دژی ئەو بیرۆکەیە بێت و وتی"ئەنجامدانی شتێک بۆ هەموو ژیان ڕەنگە چاوەڕوانییەکی لەڕادەبەدەر بێت."

شازادەی پەهلەوی لە کاتێکدا کە ئەگەری خۆکاندیکردنی خۆی وەک پاشایەکی هەڵبژێردراو بە دوور نازانێت، گوتی بەڵام پێیشی وانییە ئەو کارە بکات و دەڵێت" ئەرکی نیشتمانی و سیاسی من کاتێک کۆتاییدێت کە خەڵکی ئێران بچنە دەنگدانێکەوە بۆ دیاریکردنی سیستمی داهاتووی حکومەتی خۆیان " و دەشڵێت "سەرکردایەتی (گەل) لە ناو خودی گەلی ئێراندا سەرهەڵدەدات ."

پێدەچێت پەهلەوی بژاردەی بوون بە پاشایەک ڕەتدەکاتەوە کە بەرپرسیاریەتییەکەی تەنها ئەوە بێت لە ئاهەنگەکاندا دەرکەێت و وتارێک بخوێنێتەوە کە لەلایەن بەرپرسانی حکومییەوە بۆی نووسرابێت.

پەهلەوی وتی "لە ڕوانگەی منەوە پاشایەکی سیمبولیک بەسوودترین رۆڵ نییە کە بتوانم بۆ وڵاتەکەمی بگێڕم. ئەو بە ئاماژەدان بەو وتەیەی کە لەوانەیە حکومەتی داهاتوو ڕۆڵی پاشایەکی سیمبولیکی بۆ پێشنیار بکات، گوتی "من هەوڵم بۆ ئەوە نەداوە ئازادی بۆ ئێران دابین بکەم تاکوو ئازادی قسەکردن و دەربڕینی خۆم سنووردار بکەم."

پەهلەوی پێشتر لە 22ی مانگی سێ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ سایتی هەواڵی کەیهان لایف کە لە بەریتانیاوە بە زمانی فارسی بڵاو بووەتەوە، دژایەتی خۆی بۆ سیستەمێکی حوکمڕانی بۆماوەیی و بۆ ڕۆڵ بینینی وەک پاشایەکی سیمبولیک دەربڕیبوو.

لە چاوپێکەوتنەکەدا کەیهان لایف داوای لە شازادەی پەهلەوی کردبوو کە ڕای خۆی لەسەر تۆمارێکی دەنگی کە لە 16ی مارچدا دزەی کردبوو کە تێیدا شازادە لە کۆبوونەوەیەکی مەجازیدا بە چالاکوانانی گوتوە کە خۆی وەک شوڕشگێڕێک سەیر دەکات لەبارەی میرات و سەرۆکایەتی بۆماوەییەوە و بۆ داهاتووی ئێرانیش کۆمارێکی نوێی پێ باشترە تاکوو سیستمێکی پاشایەتی بۆماوەیی کە دەسەڵاتی ڕەها هەبێت.

تۆڕی فارسی ئێران ئینتەرناشناڵ بنکە لە لەندەن ڕایگەیاند، هەندێک لە لایەنگەرانی پاشایەتی ئێران لەگەڵ ئەوەدا باوەڕیان بەو قسانە نەبووە، بەڵام کاردانەوەیان هەبووە و تەنانەت تا ئەو شوێنە ڕۆیشتوون کە پەهلەویان تۆمەتبار کردوە بەوەی کە شایانی میراتی بنەماڵەیی خۆی نییە.

لە میانەی لێداوانەکەیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا پەهلەوی دانی بە هەندێک لەو قسانەدا دانا و گوتی ئەو خەریکی هەوڵدانە بۆ ڕەخساندنی زەمینەیەکی باش بۆ مشتومڕێکی تەندروستانە . ئەو گوتیشی هەندێک کەس پێم دەڵێن: "بۆچی ئێستا ئەم قسانە دەکەیت؟" من دەڵێم پێم باشە ئێستا ئەم قەیرانەم هەبێت و ( خەڵک ) هەندێک کاتی هەبێت بۆ بیرکردنەوە لەو قەیرانە".

شازدەی پەهلەوی هەروەها گوتی من بەردەوام دەبم لە داکۆکی کردن لە مافەکانی خەڵکی ئێران و لە گەڵیان لە دژی فەرمانڕەوا ئیسلامییەکان دەوەستمەوە. گوتیشی "لەوانەیە هەندێک کەس وابزانن من وازم لە خەبات لەو پێناوەدا هێناوە، نەخێر، من بەردەوامم."

فواد پاشایی، ئەندامی حیزبی مەشرووتەی ئێران کە حیزبێکن خوازیاری گەڕانەوەی پاشایەتی و نەمانی کۆماری ئیسلامی ئێرانن، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند کە کە لە ڕێگای چاوپێکەوتنەکەی دەنگی ئەمەریکاوە لە قسەکانی پەهلەوی دڵنیا بووەتەوە.

پاشایی وتی"پەهلەوی نایەوێت تەنها بگەڕێتەوە بۆ سەر دەسەڵات، بەڵکو دەیهەوێ لە جۆرەی نوێی پاشایەتی ئێراندا ئەگەر پۆستی دەسەڵاتداری وەرگرت ئەوا لە ڕێگای هەڵبژاردنەوە بێت."

هەروەها مەهدی فەتاپور، چالاکوان و لایەنگرێکی کۆماری و وتەبێژی پێشووی ڕێکخراوی چەپی فەداییانی خەڵق، کاردانەوەی ئەرێنی هەبوو بەرامبەر بە چاوپێکەوتنە نوێیەکەی پەهلەوی و لە پەیامێکدا بۆ دەنگی ئەمەریکا دەڵێت خۆم دژی هەر جۆرە پێگەیەکی دەسەڵاتم لە ئێران لەسەر بنەمای باری ئاینی یان میرات و وتیشی:"بۆیە من لەگەڵ ئەو وتانەی ئەم دواییەی پەهلەویدام و لەو باوەڕەدام کە قسەکانی تازەن و زۆر گرنگن"

فەتاپور گوتی لەو بڕوایەدایە هێشتا دیار نییە کە پەهلەوی چ جۆرە سیستەمێکی حکومەتی پەسەند دەکات و لایەنگرانی کاردانەوەیان چۆن دەبێت و دەشڵێت هەر بۆیەش جارێ زۆر زووە بۆقسەکردنلە سەر کاریگەری قسەکانی ئەم دواییەی پەهلەوی لەسەر هەردوو بەرەی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی.

XS
SM
MD
LG