Accessibility links

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لەگەڵ هاوپەیمانانی ناتۆ کۆدەبێتەوە


ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بڕیار وایە ڕۆژی چوارشەممە لە برۆکسل لەگەڵ سکرتێری گشتی ناتۆ یێنس ستوڵتنبێرگ و دیپلۆماتە باڵاکانیچەند وڵاتی هاوپەیمانی ئەمەریکا کۆببنەوە لە کاتێکدا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پلانی هەیە هێزەکانی لە ئەفغانستان بکشێنێتەوە.

هەروەها للۆید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمەریکا بەشداری لەکۆبوونەوەیەکدا دەکات لەگەڵوەزیری دەرەوەی ئەڵمانیاهایکۆ ماس، وەزیری دەرەوەی ئیتالیا لویجی دیمایۆ، وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولود چاوشئۆغڵو و دۆمینیک ڕاب وەزیری دەرەوەی بەریتانیا.

ئیدارەی بایدن کۆتایی هێنا بە مشتومڕ و پێشبینییەکانی چەند مانگە دەربارەی پلانەکانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان و ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند تا 11 ی مانگی نۆ ئە هێزانە لە ئەفغانستان ماونەتەوە دەکشێنێتەوە. ئەو بەروارە ساڵیادی هێرشەکانی ساڵی 2001ە کە تیرۆرستانی ئەلقاعیدە چەند فڕۆکەی بازرگانییان بە سەرنشینەکانییەوە ڕفاند وچەند هێرشێکیان لەناو ئەمەریکا ئەنجام دا.

ئەو هێرشانە وایان کرد ئەمەریکا تالیبان لە ئەفغانستان بڕوخێنێت و ئەو هەوڵەش بووە هۆی ئەوەی زیاتر لە 130 هەزار سەربازی 50 وڵاتی هێزی ناتۆ و وڵاتانی هاوپەیمان ڕەوانەی ئەفغانستان بکرێن. لە ساڵی 2015 وە ئەو هێزانەی کە ئێستا ژمارەیان کەمترە لە 10 هەزار سەرباز، ئەرکی ڕاهێنان و هاوکاری کردنی هێزەکانی ئاسایشی ئەفغانستانیان پێڕاسپێردراوە.

بەرپرسانی ئەمەریکا رایانگەیاند بڕیاری جێهێشتنی ئەفغانستان بە هەڵسەنگاندنی ڕەوشەکە لەگەڵ هێزەکانی ناتۆ دەدرێت.

کۆبونەوەی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا دمیترۆ کولیبا لە بروکسڵ
کۆبونەوەی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا دمیترۆ کولیبا لە بروکسڵ

بلینکن ڕۆژی سێشەممە بە سەرنجدان لەسەر ئۆکرانیا دەستی بە سەردانەکەی بۆ برۆکسل کرد و گوتی ئەمەریکا پشتگیری ئۆکرانیایەکی سەربەخۆ دەکات، لە کاتێکداوڵاتانی هاوپەیمانی ڕۆژئاوا لە بنیاتنانی هێزەکانی ڕووسیا دەڕوانن بە درێژایی سنووری نێوان هەردوو وڵات.

بلینکن گوتی " ئەمەریکا بە توندی پشتیوانی لە سەروەریو یەکڕیزی خاکی ئۆکرانیا دەکات" هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد لەم هەفتەیەدا تاوتوێی "خواستی یۆرۆ-ئەتلانتیک"ی ئۆکرانیا دەکات.

کۆشکی سپی ڕایگەیاند سەرۆک جۆ بایدن هەروەها " جەختی لە پابەندبوونی ئەمەریکا بە سەروەری و یەکڕیزی خاکی ئۆکرانیا کردەوە"لە میانەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا کە ڕۆژی سێشەممە لەگەڵ ڤلادمێر پوتینی سەرۆکی ڕوسیا ئەنجامی دا. کۆشکی سپی لە بەیاننامەکەیدا ڕایگەیاند " سەرۆک نیگەرانییەکانی ئێمەی دەربڕی سەبارەت بە کۆکردنەوەی هێزی لەشکری لە کریمەی داگیرکراو و سنوورەکانی ئۆکرانیا، و داوای لە ڕوسیا کرد گرژی و ئاڵۆزییەکان کەمبکاتەوە". هەروەها ڕایشیگەیاند بایدن " پێشنیازی کۆبونەوەیەکی لوتکەیی کردووە لە چەند مانگی داهاتوودا لە وڵاتێکی سێهەم ئەنجام بدرێت بۆ تاوتوێکردنی تەواوی ئەو کێشانەی ڕووبەڕووی ئەمەریکا و ڕوسیا بوونەتەوە."

بە وتەی بەرپرسانی ئۆکرانیا و ئەمەریکا، لە ساڵی 2014ەوە، کرملن سەرپەرشتی گەورەترین جموجوڵی سوپای ڕوسیا و تانک و مووشەکەکانی بەدرێژایی سنووری ئۆکرانیا دەکات. ڕوسیا لە ناوەڕاستی مانگی سێوە بە لایەنیکەم سێ مەشقی سەربازی لەسەر سنووری لەگەڵ ئۆکرانیا ئەنجام داوە.

دیمیترۆ کولێبا وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا پێش کۆبونەوەکەی لەگەڵ بلینکن گوتی " ئەم کۆبوونەوەیە زۆر لە کاتی خۆیدایە بە لەبەرچاوگرتنی ئەو شتنای لەسەر سنووری ئۆکرانیا لەگەڵ ڕووسا ڕوودەدەن." وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا متمانەی خۆی بەوە دەربڕی کە وڵاتانی ڕۆژئاواش بە هەمان شێوە ڕووبەڕووی دەستدرێژییەکانی ڕوسیا دەبنەوە، کەگوتی ئەگەر ڕێگری لێنەکرێت ئۆکرانیا نرخێکی زۆری دەدات.

بڕیارە لەم هەفتەیەدا دوو کەشتی جەنگی ئەمەریکا بگەنە دەریای ڕەش هاوکاتی گرژی و ئاڵۆزییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا لە نێوان هێزەکانی ئۆکرانیا و هێزەکانی سەر بە ڕوسیا.

ئەم ناکۆکییە لەو کاتەوە دەستیپێکرد کە ڕوسیا لە ساڵی 2014 دا کریمەی لە ئۆکرانیا کردەوە و بە گوێرەی حکومەتی ئۆکرانیا لەو کاتەوە تا ئێستا نزیکەی 14 هەزار کەس بەهۆی ئەو ناکۆکییانە گیانیان لەدەستداوە.

بلینکن ڕۆژی دووشەممە لەگەڵ ستوڵتنبێرگدا قسەی کرد و گوتی ڕێککەوتنی هاوبەش هەیە کە " ڕوسیا دەبێت کۆتایی بە کۆکردنەوەی هێزی سەربازی و دەستدرێژییە بەردەوامەکانی بەدرێژایی سنوورەکانی ئۆکرانیا بهێنێت . "

ستۆڵتنبێرگ پشتیوانی خۆی بۆ ئۆکرانیا دەربڕی و گوتی " ناتۆ پشتیوانی لە ئۆکرانیا دەکات."ئەو گوتیشی " کۆکردنەوەی هێزی بەرچاوی ڕوسیا ڕەوایی پێنەدراوە، ڕوون نەکراوتەوە و جێگای نیەگەرانییەکی قوڵە، دەبێت ڕوسیا کۆتایی بە کۆکردنەوەی هێز لە ناو و دەوروبەری ئۆکرانیا بهێنێت، هاندانی ناکۆکی ڕابگرێت و دەستبەجێ ڕەوشەکە ئارام بکاتەوە."

وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا کولیبا گوتی " ئۆکرانیا شەڕی ناوێت و دەخوازێت ڕەوشکە بە شێوەیەکی دیپلۆماسی و سیاسی چارەسەر بکرێت."

بەڵام لەکاتێکدا ئاماژەی بە پشتیوانی ناتۆ کرد ، کولیبا گوتیشی " ئەگەر ڕوسیا هەر هەنگاوێکی سەرکێشی بنێت یان دەست بە توندوتیژی نوێ بکات، بە هەمو مانایەک زۆری لەسەر دەکەوێت."

XS
SM
MD
LG