Accessibility links

زیندانییەکی کورد دوای بیست ساڵ لە زیندانیکردنی لە ئێران ئازاد دەکرێت


عومەر فەقێپوور زیندانی سیاسی کورد، دوای زیاتر لە 20 ساڵ تێپەڕاندنی زیندان،پاش دەرکردنی رێسایەکی لێبوردن، ڕۆژی دووشەممە 12ی مانگی چوار، لە زیندانی ورمێ ئازادکرا. فەقێپوور لە مانگی دەی ساڵی 2000 دا دەستگیرکرا و سەرەتا سزای لە سێدارەدانی بۆ دەردەچێت و پاشان سزاکەی کەم دەکرێتەوە بۆ زیندانی هەتاهەتایی.

بە پێی هەواڵەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی کورد، لەوانە ڕێکخراوی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ناوبراو کە خەڵکی شاری بۆکانە لە ساڵی 2000دا لەگەڵ خالید فەرەیدوونی هاوڵاتییەکی دیکەی شاری پیرانشار له‌ لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ ده‌ستبه‌سه‌ر کراون و له‌ دادگای شۆڕشی مه‌هاباددا به‌ تۆمه‌تی موحاربه‌ له‌ ڕێگه‌ی ئه‌ندامبوون له‌ حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێراندا سزای سێداره‌یان بۆ بڕابوویه‌وه‌ و دواتر سزاکەی له‌ دادگای پێداچوونه‌وی ورمێدا پله‌یه‌ك كه‌م كرایه‌وه‌ بۆ زیندانی هه‌تاهه‌تایی.

هەروەها تۆڕی مافەکانی مرۆڤ دەڵێت کە تاکوو ئێستا خالید فه‌ره‌یدوونی هاودۆسیه‌ی ئه‌م به‌ندكراوه‌ سیاسییه‌ له‌ زینداندا ڕاگیراوه‌ و ئازاد نەکراوە.

لەم ڕۆژانەدا پاش دەرکردنی رێسای لێبوردن ژمارەیەک زیندانی سیاسی و ئەمنی ئازاد کراون.

پێشتر لەنامەیەکدا سەرۆکی دادوەری ئێران، پێشنیاری لێبوردنی سزای 1849 زیندانی بە ڕێبەری باڵای ئێران کردبوو کە پێشنیارەکە لەجێبەجێکردنی بڕگەی 11 ی مادەی 110 ی دەستوردا لەلایەن ڕێبەری ئێرانەوە پەسەندکرا.

دەوترێت کە بڕیارەکە تەنیا ژمارەیەکی کەم لە زیندانیانی سیاسی و ئەمنی دەگرێتەوە کە لە زیندانەکانی ئێراندان.

XS
SM
MD
LG