Accessibility links

ئیسرائیل داوای متمانە و دڵنیایی دەکات لە هەر ڕێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ ئێراندا


لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگری ئەمەریکا

وەزیری بەرگری ئیسرائیل جەخت دەکاتەوە بۆ وەزیری بەرگری ئەمەریکا کە ئیسرائیل "بەوپەڕی توانایەوە هەوڵدەدات لەگەڵ ئەمەریکادا تا لە ڕێککەوتنی نوێی ناوکی لەگەڵ ئێراندا، داوا ئاسایشییەکانی دەوڵەتی جوو بەجێبگەیەندرێن."

لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگری ئەمەریکا، ئەمڕۆ یەکشەممە گەیشتە ئیسرائیل و ئەمەش یەکەم سەردانی گەورە کاربەدەستێکی ئەمەریکایە بۆ ئەو وڵاتە بە مەبەستی تاووتوێکردنی گەڕانەوەی ئەمەریکا بۆ ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ساڵی 2015 مۆرکرا و ئیسرائیل دژیەتی.

سەردانی ئۆستن، تەنها چەند ڕۆژێک پاش ڕاگەیاندنەکەی واشنتۆنە سەبارەت بە "بیرۆکەی ئێجگار ڕژد" لەسەر بوژاندنەوەی ئەو ڕێککەوتنە کە ئیسرائیل زۆر بە توندی دژیەتی.

دەستبەجێ لەگەڵ گەیشتنی بۆ ئیسرائیل، وەزیری بەرگری ئەمەریکا لەگەڵ بێنی گانتز وەزیری بەرگری ئیسرائیلدا کۆبووەوە.

وەزیری بەرگری ئیسرائیل پاش کۆبوونەوەکە ڕایگەیاندووە "تارن لەمڕۆدا هەڕەشە و مەترسییەکی ستراتیژییە بۆ ئاسایشی نێونەتەوەیی و بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بۆ دەوڵەتی ئیسرائیل."

لە درێژەی لێدوانەکەیدا، بێنی گانتز ئاماژەیشی بەوە کردووە وەک دەڵێت "بەوپەڕی توانای خۆمانەوە لەگەڵ ئەمەریکای هاوپەیمانماندا کار دەکەین بۆ دڵنیابوون لە بەرژەوەندییە گرنگەکانی جیهان و ئەمەریکاش لە هەر ڕێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ ئیسرائیلدا لە چوارچێوەی ڕێگەگرتن لە پێشبڕکێی مەترسیداری چەک لە ناوچەکەدا و هەروەهاش لە چوارچیوەی پاراستنی دەوڵەتی ئیسرائیلدا."

لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگری ئەمەریکا جەختی کردۆتەوە لە وابەستەیی تۆکمەی وڵاتەکەی بۆ ئیسرائیل.

ئۆستن پەیمانیشی داوە بۆ "درێژەپێدانی ڕاوێژکارییە گرنگەکان لە پەیوەندی بە دڵنیابوونەوە لە باڵادەستیی لەشکریانەی ئیسرائیل و هەروەهاش لە پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیلدا."

وەزیری بەرگری ئەمەریکا دەڵێت ڕوانینەکانی گانتز لەسەر "سەختی و گرفتەکانی ناوچەکە"بە هێند وەردەگرێت و دەشڵێت پێکەوە وتووێژیان لەسەر ژمارەیەک دۆسێی گرنگ و بەرفراوانی بەرگری کردووە، لەوانە "سەختییە ئاسایشییەکان لەو ناوچەیەی جیهاندا."

بڕیارە لەم سەردانەیدا، ئۆستن لەگەڵ بەنجامین نەتەنیاهۆ، سەرەک وەزیری ئیسرائیل و هەروەهاش لەگەڵ ئەفیف کوخافی، سەرکردەی ستونە لەشکرییەکانی ئیسرائیلیشدا کۆببێتەوە.

XS
SM
MD
LG