Accessibility links

پێشبینی دەزگا زانیارییەکانی ئەمەریکا هەتا ساڵی 2040


دەزگا زانیارییەکانی ئەمەریکا ڕاپۆرتێکیان لەسەر ئەو قەیرانانە بڵاو کردووەتەوە کە پێشبینی دەکەن لە ماوەی 20 ساڵی داهاتوودا ڕووبەڕووی جیهان ببنەوە یەک لەوانەش گرفتی ئاو و وشکە ساڵی دەبێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەرێمەکەدا.

ئەو ڕاپۆرتەی ئەنجومەنی نیشتمانی زانیارییەکان دەڵێت جیهان کە ڕووبەڕووی پەتای کۆرۆنا و ئاستەنگە درێژخایانەکانی تر بووەتەوە پێناچێت لە 20 ساڵی داهاتووداگرفتەکانی کەمترببێتەوە. بەڵکو شارەزایان پێشبینی دەکەن ئەو دامەزاوەو سیستمانەی کە لە کۆتایی جەنگی جیهانی دووهەمەوە زاڵبوون بەسەر ڕووداوە جیهانییەکاندا، گرفتیان دەبێت مامەڵە لەگەڵ" ئاستەنگە جیهانییە زۆرەکاندا " بکەن، لەوانەشدا گۆڕانی کەشوهەوا ، نەخۆشی ، قەیرانی دارایی و گرفتەکانی تەکنەلۆژیا.

ڕاپۆرتەکە دەڵێت "ئەم ئاستەنگانەی بەردەوام دەبنە کۆسپ بۆ بەردەم خۆڕاگری و خۆگونجاندنی کۆمەڵگە و دەوڵەتەکان و سیستمی نێودەوڵەتی، زۆرجار لە توانای حکومەتەکاندا نامێنێت" و هۆشداریش دەدات هەندێک لە ڕووداوەکان "دەشێت کارەساتاوی بن."

یەکێک لە ئاستەنگە هەرە گەورەکانی لە ڕاپۆرتەکەدا دیاری کراوە بابەتی گۆڕانی کەشوهەوایە، کە چاوەڕوان دەکرێت لە ماوەی دوو دەیەی داهاتوودا بە شێوەیەکی بەرچاو زۆربەی وڵاتان پلەی گەرمی تیایاندا بەرز ببێتەوە ، ئاستی دەریا بەرزبێتەوە و کارەساتە سەروشتییەکانی وەکو لافاو و زریان و گەردەلول زیاد بکەن.

هەروەها ڕاپۆرتەکە ئاماژە بە مەترسییەکانی وشکە ساڵییەکی زۆر لە هەرێمی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات. هەروەها گرفتێکی تری کە لەو ڕاپۆرتەدا باس کراوە زۆربوونی ڕێژەی دانیشتوان و گەورەبوونی شارەکان یەکێک لەو شارانەی کە ئاماژەی پێکراوە ڕێژەی دانیشتوانی بە شێوەیەکی زۆر زیاد دەکات بەغدای پایتەخیت عێراقە.

لەو ڕاپۆرتەی دەزگا زانیارییەکانی ئەمەریکادا باس لە قوڵبوونەوەی کێشە ناوخۆییەکان و مەترسییەکانی تیرۆرسمیش کراوە و ئاماژە بە قوڵبوونەوەی کێشەکانی تورکیا، عێراق، سوریا و لیبیاش کراوە.

XS
SM
MD
LG