Accessibility links

کاربەدەستانی هەرێمی کوردستان خۆشحاڵن بە پەسەند کردنی بودجەی عێراق


کاربەدەستانی هەرێمی کوردستان خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی لەمەڕ پەسەندکردنی بودجەی ساڵی 2021ی حکومەتی فیدراڵی عێڕاق کە تیایدا بەشە بودجەی هەرێم دەستنیشان کراوە.

پەرلەمانی عێڕاق ڕۆژی چوارشەممە بودجەکەی بە بڕی 130 ترلیۆن دیناری عێراقی (89 ملیار و 65 ملیۆن دۆلار) پەسەند کرد لە کاتێکدا وڵاتەکە لە قەیرانی ئابوری و داراییدایە بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتی خاو.

یاسادانەران ڕادەگەیەنن کورتهێنانی بودجە بە بڕی 28.7 تریلیۆن دیناری عێراقی (19 ملیار و 79 ملیۆن دۆلار) خەمڵێنراوە.

بەپێی بەڵگەنامەیەکی بودجە و یاسادانەران بودجەی 2021 نرخی نەوتی بە 45 دۆلار بۆ بەرمیلێک دیاریکردووە و چاوەڕاوان دەکرێت هەناردەی نەوت 3.25 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدابێت، کە 250 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستانیشی تێدایە.

دوای چەندین مانگ لە ناکۆکی، هەرێمی کوردستانی عێراق و حکومەتی ناوەندی گەیشتنە ڕێککەوتن لەسەر کێشە مشتومڕلەسەرەکان کە یاسادانەران و بەرپرسانی کورد پێیان وایە ڕەنگە هاوکاربێت لە کەمکردنەوەی گرژیی نێوان بەغدا و هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان.

بەپێی یاسای بودجەی 2021 کە لەلایەن زۆرینەی یاسادانەرانی عەرەب و کورد پەسەند کراوە ، کوردستانی عێراق پابەند دەبێت بە بەرهەمهێنانی بەلایەنی کەم 460 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی لە بەیاننامەیەکدا ستایشی پەسەندکردنی بودجەی فیدراڵی کرد و گوتی " تێپەڕاندنی یاسای بودجە، ئومێدێکی بۆ باشتربوونی پەیوەنديی نێوان هەرێم و حکومەتی فیدراڵی گەڕاندەوە، هەرچەندە هێشتا لیستێکی درێژی کێشە و ناکۆکییە هەڵپەسێردراو و چارەسەرنەکراوەکان ماوە."

قوباد تاڵەبانى جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم کە سەرۆکایەتی شاندی دانوستانکارى حکومەتى هەرێمى کوردستانی کرد لە پەیامێکى ڕۆژنامەوانیدا دەڵێت"ڕێککەوتنەکە دەرئەنجامى گفتوگۆى دوورودرێژى وەفدى دانوستانکارى کورد و هەموو فراکسیۆنەکان و سەرۆکایەتى کۆمار و حکومەتى هەرێم بوو، هیوادارین ئەم ڕێککەوتنە ببێتە هۆى باشتر کردنى پەیوەندیەکانى هەرێم و بەغدا و دەستپێکى کارێکى پێکەوەیی بێت."

یاسادانەری شیعە وەفا ئەلشمەری دەڵێت پەسەندکردنی بودجە " یارمەتیدەر دەبێت بۆ سەقامگیرکردنی ئابووری عێراق و پەرەپێدانی وەبەرهێنان و زەمینەخۆشکردن بۆ بنیاتنانەوەی وڵات ".

XS
SM
MD
LG